ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی پلانێكی 8 ملیار دۆلاریی هەیە بۆ سەركەوتن بەسەر كۆرۆنادا، كرۆكی پلانەكە بریتییە لە ڤاكسینكردنی 70%ی دانیشتووانی هەموو وڵاتانی جیهان تا ناوەڕاستی ساڵی 2022.
ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و تیدرۆس ئەدهانۆم سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا، قسەیان لەسەر پلانە نوێكەی () كرد بۆ ڤاكسینكردنی ژمارەیەكی زیاتری دانیشتووانی تەواوی وڵاتانی جیهان، سەرەڕای ڕەخنەی گۆتیرێش لەوەی چەند وڵاتێك ڤاكسینی كۆرۆنایان قۆرخكردووە.
سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان نیگەران بوو لە قۆرخكردنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لەلایەن چەند وڵاتێكەوە، پێی وایە كارێكی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی دەركەوتنی گۆڕاوی دیكەی كۆرۆنا، كە دەكرێت مەترسیدارتر بن.
پێشتر ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی وایدانابوو تا كۆتایی مانگی ئەیلول لانی كەم 10%ی دانیشتووانی تەواوی وڵاتانی جیهان ڤاكسینكرابن، بەڵام تیدرۆس ئەدهانۆم سەرۆكی () ڕایگەیاند، 56 وڵات، كە زۆربەیان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقان، نەگەیشتوونەتە ئەو ڕێژەیەی ڤاكسینكردن.
ئەدهانۆم لەو بارەیەوە وڵاتەكانی بە كەمتەرخەم و هەڵە نەزانی و هۆكارەكەی گەڕاندەوە بۆ نەبوونی ڤاكسینی پێویست.
بەپێی پلانە نوێكەی تەندروستیی جیهانی، ویست هەیە تا كۆتایی ئەمساڵ 40%ی دانیشتووانی هەموو وڵاتانی جیهان ڤاكسین وەرگرن، تا ناوەڕاستی ساڵی 2022ــش ڕێژەكە بگەیەندریتە 70%.
تیدرۆس ئەدهانۆم پێیوایە گەیشتن بەو ئامانجە، پێویستی بە لانی كەم 11 ملیار ژەمەڤاكسین هەیە.
سەرۆكی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشكراشیكرد، تا كۆتایی مانگی ئەیلول 6.5 ملیار ژەمەڤاكسین لە تەواوی جیهاندا دابەشكراوە، بەرهەمهێنانی ڤاكسینیش لە جیهاندا گەیشتووەتە 1.5 ملیار لە مانگێكدا، بۆیە گەشبین بوو بەوەی بەو ژمارەی بەرهەمهێنانە بتوانن ئامانجەكانیان بپێكن.