سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوەشاندنەوەی خولی چوارەمی پەرلەمانی ڕاگەیاند، ئەمەش بەنزیكەی چوار ڕۆژ بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیە كە بڕیارە یەكشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تویتێكدا بڵاویكردەوە، سبەی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران كۆتاییدێت و گەل لە 10ی تشرینی یەكەمدا نوێنەری خۆی دیاریدەكات.
حەلبوسی سوپاسگوزاریی خۆیشی نیشاندا بۆ ئەندامانی پەرلەمان لەوەی پێشكەشیان كردووە “لەماوەی بەرپرسیارێتییاندا” و ئاماژەی بەوەشكرد كە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێتە “بژاردەی گەل”.
لأنه كان خيار العراقيين كانت انتخابات مبكرة .. pic.twitter.com/5ljOsUFvn6
— محمد الحلبوسي (@AlHaLboosii) October 6, 2021
لە ئازاری ڕابردوودا ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا لە 9ی تشرینی یەكەم خۆی هەڵبوەشێنێتەوە “بەمەرجی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا”.
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەكێك بوو لە داواكارییە سەرەكییەكانی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی لە تشرینی یەكەمی 2019 و دواتر ئەنجامدران و بەهۆیانەوە سەدان خۆپیشاندەر بەدەستی هێزە ئەمنییەكان و گروپە چەكدارە نەناسراوەكان كوژران، دواتر خۆپیشاندانەكە دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی و بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی لێكەوتەوە.