شارەزایان ترسیان هەیە ئەو ناكۆكییانەی لە پەیوەندییەكانی نێوان ئێران و ئازەربایجان دروستبوون ببنەهۆی پێكدادانی سەربازی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
ناكۆكییەكان ئاراستەیەكی دیكەیان وەرگرت دوای جووڵەپێكردنی هێزەكانی ئێران بەئاراستەی سنووری ئازەربایجان بۆ ئەنجامدانی نمایشی سەربازی.
هێزە ئێرانییەكان لیوای ئاسمانی، هێزی زرێپۆش، هێزی تۆپهاوێژ و یەكەی ئەندازیاری لەخۆدەگرن، كارەكە هەنگاوێكی هاوشێوەی بەدواداهات لە بڵاوەپێكردنی هێزی ئازەربایجان و توركیا لەسەر سنووری ئێران، ئەمەش وای لە هەندێك شیكاران كرد كە گۆڕینی ڕووداوەكان بە ئاراستەی پێكدادانی سەربازی بەدوورنەزانی.
ئیلهام عەلییڤ، سەرۆكی ئازەربایجان دەربارەی مانۆڕەكانی ئێران لە نزیك سنووری وڵاتەكەی لە سەرەتای ئەم مانگە وتی، هەموو وڵاتێك دەتوانێت مانۆڕی سەربازی لەسەر خاكەكەی ئەنجامبدات، ئەمە بەشێك لە مافی سەروەریی وڵات، بەڵام بۆچی ئێستا و بۆ لەسەر سنوورەكانمان؟ بۆچی ئەنجامدەدرێت دوای ئازادكردنی ئەو زەوییانە پاش 30 ساڵ لە داگیركاری؟
دەوترێت هۆكاری نیگەرانییەكانی تاران دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییەكانی ئازەربایجان بە ئیسرائیل و پێدانی چەكی پێشكەوتوو لەلایەن تەلئەڤیڤ-ەوە بە باكۆ، لەنێویشیدا پێدانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.
سەعید خەتیب زادە، وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەڕوونی ئاماژەی بەم لایەنە دا و وتی، تاران نیگەرانیی خۆی بە باكۆ گەیاندووە سەبارەت بەو جموجۆڵ و لێدوانە ئیسرائیلییانەی كە لە ئازەربایجانەوە دەردەچن.
ئاماژەی بەوەشكرد كە توانای ئەوەیان هەیە بەشێوەیەكی گونجاو بەرگری لە ئاسایشیان بكەن، بەڵام داوایان لە باكۆ ئەوەیە كە كار بە پابەندییەكانی بكات.
بەشێكی دیكەی ناكۆكییەكان خۆیان لە هەڵوێستی نەرێنیی تاران دەبیننەوە بەرامبەر بە پەیوەندییە فراوانەكانی نێوان ئازەربایجان و توركیا، دوای ئەوەی ئەنكەرە هاوكاریی گەورەی پێشكەشی باكۆ كرد لە جەنگی قەرەباغدا.
لە 1ی ئەم مانگەدا ئێران مانۆڕێكی سەربازی لەسەر سنووری ئازەربایجان ئەنجامدا كە بە گەورەترین ڕاهێنان دادەنرێت لەدوای هەرەسهێنانی یەكێتیی سۆڤیەت.
دەستپێكی ناكۆكییەكانیش لە سەرەتای ئەیلولی ڕابردوودا سەریانهەڵدا دوای ڕێگریكردن لە تێپەڕبوونی بارهەڵگرە ئێرانییە نەوتگوێزەرەوەكان بەرەو قەرەباغ و ئەرمینیا.
س: RT