ئەستێرەی میسڕی یانەی لیڤەرپوڵ، محەمەد سەڵاح تاوەکو ئێستا بۆ نوێکردنەوەی بۆندەکەی لەگەڵ ئیدارەی لیڤەرپوڵ بەڕێککەوتن نەگەیشتووە.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی “سەندەی وۆرڵد”، سەڵاح لە هاوینی 2023 گرێبەستی لەگەڵ لیڤەرپوڵ کۆتاییدێت، بەر لەو وادەیە بە 12 مانگ دەتوانێت ڕێککەوتن لەگەڵ یانەیەکی دیکە بکات، بۆیە هەموو هەوڵێکی ئیدارەی ڕێدز بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیە تاوەکو کانونی دووەمی 2022.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە فیرعەونەکەی میسڕ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی داوای مووچەی هەفتانە بەبڕی 500 هەزار پاوەند دەکات، لە کاتێکدا ڤێرجیل ڤان دایکی هۆڵەندی خاوەنی بەرزترین مووچەیە کە 250 هەزار پاوەندە.
بەڕێوەبەرانی “ڕێدز” گەیشتوونەتە ئەو بۆچوونەی، ئەگەر بیانەوێت بۆندی سەڵاح نوێبکەنەوە پێویستە بەلایەنی کەمەوە 300 هەزار پاوەندی پێشکەشبکەن، کە ئەوەش تەواوی یاسا داراییە کارپێکراوەکانیان دەشکێنێت.
سەڵاح لەم وەرزەدا لە کۆی هەشت ڕووبەڕووبوونەوە هەشت گۆڵی تۆمارکردووە، وەک یەکێک لە باشترینەکان دەرکەوتووە.