هەڵوێستی توركمانەكان و هۆشدارییەكانی پەكەكە.. ڕوونكەرەوەی هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و نمایندەی دەنگدەری كوردستانی

دوو هەڵوێستی جیاواز لە توركیا و پەكەكەوە، لەبارەی پشتگیریكردن لە حزب و لایەنەكانی باشووری كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ئاماژە و خوێندنەوەی جیاواز لەبارەی هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەكان ڕووندەكاتەوە، كوردەواری دەخاتە بەردەم دووڕیانی هەڵبژاردن لەنێوان دوو هیڵی جیاوازی سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتمانی.

لە سەروبەندی نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، چەند پارتێكی توركمانی لە هەرێمی كوردستان، پشتگیریی خۆیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان دەربڕی و ڕایانگەیاند، دەنگیان بۆ كاندیدانی ئەو حزبە دەبێت.

پابەندیی بەشێك لە توركمانەكان بە توركیاوە

ئەو پارتە توركمانانەی هەڵوێستەكەیان ئاشكراكرد، ئەوانەن كە پەیوەندییەكی پتەویان لەگەڵ توركیا هەیە، تەنانەت لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا دەنگی نەخێریان بەرزكردبووەوە و دژی هەنگاوەكە بوون، هاوئاوازی توركیا، سەركردەكانیان نەیانشاردووەتەوە كە هەولێر، موسڵ و تەنانەت كەركوكیش توركمانییە، هیچ كێشەیەكیشیان لەگەڵ ئەوەدا نەبوو كە ماوەی ڕابردوو خودی ئەردۆغان توركمانەكانی كوردستانی بە “تورك” ناوبرد، تەنانەت پشتگیریی ئەو داواكارییەی توركیاشیان كرد كە پۆستی باڵا و دەسەڵاتی زیاتر بدرێتە توركمانەكان لە دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، بە پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەتەوە.

بە دیوە ناوخۆییەكەشدا، زۆربەی ئەو پارتە توركمانییانە ئەوانەن كە بە بیانووی نوێنەرایەتییكردنی توركمانەكانی هەرێمی كوردستان دروستبوون، بەڵام زۆركات نوێنەرایەتیی ئیرادەی ڕاستەقینەی توركمانەكانیان نەكردووە و لە چوارچێوەی كۆتای پێكهاتەكان بەكارهێنراون بۆ خزمەتكردن بە سیاسەتەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ویستی توركیا بۆ باڵادەستیی پارتی

پشتگیریی ئەو پارتە توركمانییانە لە پارتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە داواكاری و ویستی توركیاوە بۆ باڵادەستكردنی پارتی، بەتایبەت كە دۆخی ناوچەكە، عێراق و هەرێمی كوردستان لەبەردەم گۆڕانكاریی گەورەدایە و ویستەكانی توركیاش لە هەریەك لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان، پێویستی بە هاوشانێكی وەك پارتی دیموكراتی كوردستانە.

بۆیە پشتگیریی توركیا لە پارتی، ڕەنگدانەوەی ئەو خۆبەستنەوەیەی حزبەكەیە بە ئەنقەرەوە، پارتی بەنزیكەیی ئاییندەی خۆی و دەسەڵاتی ئێستای توركیای بەستووەتەوە بەیەكەوە، لە زۆر پرسی وەك پەكەكە، ئەزموونی ڕۆژئاوای كوردستان، شەنگال و ئێزدییەكان، پارتی بە ئاوازی توركیا دەخوێنێت، بەتایبەت لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەم دواییەی توركیا بۆسەر پەكەكە، یارمەتییەكانی پارتی شاراوە نییە.

بە كورتی، ئەگەر قسە لەسەر هیڵە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بێت، ئاراستەی كاری پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕاددەیەكی زۆر بەستراوەتەوە بە سیاسەت و ستراتیژی توركیاوە و پابەستییەكی تەواو لەو نێوەندەدا بەدیدەكرێت.

بۆیە پشتگیریی حزبە توركمانەكان لە پارتی لەسەر داوای توركیا، درێژكراوەی ئەو پابەستی و خۆبەستنەوەیەیە، كە ساڵانێكە دەستیپێكردووە.

ویستی “دوژمن” بۆ لاوازكردنی یەكێتی

بەرامبەر بە توركیا و ویستە هەژمونخوازییەكانی، هاوكات لەگەڵ پشتگیرییەكەی توركمانەكان، پارتی كرێكارانی كوردستان – پەكەكە داوا دەكات خەڵكی باشووری كوردستان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دەنگ بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بدەن (هاوپەیمانی كوردستان-ی یەكێتی و گۆڕان).

جەمیل بایك هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆماجڤاکێن کوردستان – کەجەکە لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ میدیاكانی سەر بە حزبەكەی، باسی لە ویستی “دوژمن” كرد بۆ لاوازكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە ناڕاستەوخۆ ویستی توركیای ئاشكراكرد بۆ ئەوەی “كێشە ناوخۆییەكان”ی ناو یەكێتی گەورەتر بكات، خەڵک لە یەکتر دووربخاتەوە و وا بكات یەكێتی ئەنجامێكی بەهێز لە هەڵبژاردن بەدەستنەهێنێت.

بایك لەوبارەیەوە هۆشداریی توندی دا، بەوەی توركیا لەو ڕێگەیەوە بیەوێت سیاسەت و پیلانەكانی خۆی جێبەجێ بكات، بۆیە داوای لە خەڵكی سلێمانی، لایەنگرانی یەكێتی و لایەنەكانی دیكەش كرد، سەرەڕای هەموو جیاوازییەکی بیرکردنەوەیان، هەوڵبدەن یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا سەربکەوێت و دەستکەوتێکی بەهێزی هەبێت.

بەرپرسەكەی پەكەكە زیاتر لەوەش، هۆشداریی لە ویستی توركیا دا بۆ بەكارهێنانی توركمانەكان بۆ داگیركردنی زیاتری هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك كە ئاڵۆزی دروستبكات و دواتر بە بیانووی پاراستنی توركمانەكان، باشووری كوردستان داگیربكات، بۆیە بەهێزهێشتنەوەی یەكێتیی بۆ دۆزی كورد و كوردستان بە گرنگ زانی.

هێڵی نیشتمانی و نەتەوەیی دوو لە پابەستی

داواكارییەكەی پەكەكە بۆ دەنگدان بە یەكێتی، دیوێكی دیكەی هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و ویستە كوردی و كوردستانییەكانە، هێڵێكی نەتەوەیی و نیشتمانی، كە سەرەڕای تێگەیشتنی لە هاوكێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان و گرنگیی بوونی پەیوەندیی هاوسەنگ و بەرژەوەندیی دوولایەنە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و گەلانی ناوچەكە، بەڵام تەركیزی سەرەكیشی لەسەر گەیشتنە بە ویست و خواست و مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، بێ خۆبەستنەوە بە ئیرادە و سیاسەت و كەڵكەڵە هەرێمییەكان.

ئەو هێڵە نەتەوەیی و نیشتمانییەی یەكێتی كاری بۆ دەكات، بنەما سەرەكییەكەی بریتییە لە توانای كورد وەك نەتەوە و كوردستان وەك نیشتمان، بۆ لەسەرپێخۆوەستان و پشتبەستن بە خود، توانای بڕیاردانی كوردستانییانە و كوردەوارییانە لەسەر پرسەكانی خاك و نیشتمان، سیاسەت، ئابوری و نەوت و سامانی سروشتی، كشتوكاڵ و خۆبژێوی و تەواوی پرسە گرنگ و ژیانییەكان.

بابەتی پێشتر

مارتینێز: پێش فاینەڵی کۆپا ئەمریکا یاریی پلەی ستەیشنم دەکرد

بابەتی دواتر

گرووپی کامکاران.. شانازیی نەتەوەیەک

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نوێترین پەرەسەندنی دۆخی كامپی مەخمور دوای هەوڵی تەلبەندكردنی لەلایەن سوپای عێراقەوە

هاوسەرۆکی “ئەنجومەنی گەلی مەخمور” ڕایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوونەتەوە و تەلبەندکردنی دەوروبەری کامپەکەیان ڕەتکردووەتەوە و ئێستا دۆخەكە ئاساییبووەتەوە.…
Total
0
Share