ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆبوونەوەكانی پەرلەمانی پەكخستووە، بووەتەهۆی ئەوەی كاریگەریش لەسەر ژیانی خەڵك دروستبكات.
ڕوپاك ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبێت هەفتانە ڕۆژێك كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، بەڵام دوای ئەوەی وەرزی یاسادانان دەستیپێكردەوە، 30 ڕۆژە تەنها دوو كۆبوونەوەی پەرلەمانمان كردووە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، كۆنەبوونەوەی پەرلەمان كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵك دەبێت، لەبەرئەوەی پەرلەمان كۆنەبێتەوە ناتوانێت چاودێریی حكومەت بكات.
ئەو پەرلەمانتارە پێشیوایە، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بەرپرسە لە ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكان و پەیڕەوی ناوخۆیان پێشێلكردووە.
جەخت لەوەشدەكاتەوە، كۆنەبوونەوەی پەرلەمان كۆبوونەوەی لیژنەكانیشی كەمكردووە.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، “سەرقاڵبوون بە بانگەشەی هەڵبژاردن پاساوی ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان نییە، چونكە هەڵبژاردنەكە پەیوەست نییە بە ئێمەوە، بۆیە ناكرێت خواست و ویستی حزب بهێنرێتە نێو پەرلەمانەوە و دامەزراوەیەكی لەسەر پەكبخرێت”.