قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، نیەتی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتیاندا بێت.
ئەمڕۆ هەینی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازی لە نوح یەلماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا کرد و پێکەوە چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولایان تاوتوێ کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە دوا پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە لە پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێم و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پرۆسەکە و رایگەیاند، ئامادەین بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەپێناو سەرخستنی ئاشتی لە تورکیا”.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، باس لە دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم کرا. قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن و نیەتی باش هەیە بۆ رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کارا و بەهێز کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هاوڵاتیاندا بێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی یەکێتی و تورکیا کرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکان کە لە ئێستادا بەرەو ئاستێکی باشتر دەڕوات.