دەرفەتی هەلی کار بۆ دەرچووانی گەشتوگوزار لە سلێمانی کرایەوە

گەشتوگوزاری سلێمانی داوا لە دەرچووانی ئەکادیمی گەشتوگوزار دەکات فۆڕمی دامەزراندنی ئەلکترۆنی پڕبکەنەوە تا لە پڕۆژە گەشتیارییەکان دابمەزرێن و وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەكەش دەڵێت، لەمەودوا مەرجە شوێنە گەشتیارییەكان 30%ی كارمەندانیان دەرچووانی گەشتوگوزار بن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، دەرفەتی دۆزینەوەی سەدان هەلی کاری بۆ تەواوی دەرچووانی گەشتوگوزار (زانکۆ، پەیمانگا و ئامادەیی) خستووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە بەپێی پێوەری ڕیزبەندی بڕوانامە و نمرە و ساڵانی دەرچوون، بۆ لەمەودوا لە پڕۆژە گەشتیارییەکانی کەرتی تایبەت لە پارێزگای سلێمانی دادەمەزرێن.

دەرچووان دوای تۆمارکردنی ناو و زانیارییەکانیان، لەلایەن گەشتوگوزاری سلێمانیەوە خولی ڕاهێنانیان بۆ دەکرێتەوە و بەپێی پسپۆڕیان دەخرێنە سەرکار لە تەواوی ئەو پڕۆژانەی خاوەندارێتیان دەگەڕێتەوە بۆ کەرتی تایبەت کە ژمارەیان نزیکەی 1500 پرۆژەن.

داسیار محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و بە بازاڕکردنی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، دامەزراندنەكە هەمیشەییە بە بڕیاری دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان كە بەپێی ناوەرۆكەكەی پێویستە 30%ی دەستی كار بكرێت بە دەرچووانی گەشتوگوزار.

وتیشی، “پێشكەشكردن لەڕێی فۆڕمێكی ئەلیكترۆنییەوە دەبێت كە هیچ غەل و غەش و واستەكاری تیانابێت و بەپێی نمرە و بڕوانامە و ئەزموونی كاركردن و ژمارەیەك پێوەر كەسانی خوازیار هەڵدەبژێردرێن”.

لەدوای ئەم بڕیارەوە ئەو خاوەن مۆڵەتی گەشتیارییانەی مۆڵەتەكانیان تازەدەكەنەوە كە ژمارەیان نزیكەی 1500 پرۆژەیە مەرجەكانیان بەسەردا جێبەجێدەكرێت و بەپێچەوانەوە مۆڵەتەكەی بۆ تازەناكرێتەوە و ڕێگەی كاركردنی پێنادرێت، داسیار وای وت.

بڕیارەكە (هۆتێل، مۆتێل، گوندی گەشتیاری، ئاپارتمان و خواردەمەنی خێرا) و هەموو ئەو شوێنانەی لەچوارچێوەی مۆڵەتی گەشتوگوزاردا كاردەكەن دەگرێتەوە.

گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە لیژنەی تایبەتمەندی پێكهێناوە، دوای پڕكردنەوەی فۆڕمەكان داتای خوازیاران وەردەگرێت و دواتر ڕەوانەی سەر كاری خۆیان دەكەن.

داستیار محەمەد ئەوەشی خستەڕوو، جێبەجێكردنی بڕیارەكە وادەكات دەرچووانی گەشتوگوزار زیاتر خولیای خوێندنەكەیان هەبێت، هەروەها خوێندكاران تەنها ڕوو لە بەشەكانی وەك كارگێڕی و ژمێریاری و كۆمپیوتەر نەكەن، بەڵكو لەوە تێبگەن كە بواری گەشتوگوزاریش لەئێستادا وای لێهاتووە كە بوارێكی بەرفراوانە.

نمونەی ئەوەشی هێنایەوە كە سلێمانی و هەرێم ساڵانە ڕێژەیەكی بەرچاوی گەشتیار ڕووی لێدەكەن، بەجۆرێك تەنها لە ساڵی 2019دا یەك ملیۆن و 300 هەزار گەشتیار ڕوویان لە سلێمانی كردووە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەوەشی ئاشكراكرد، لەمەودوا شوێنە گەشتیارییەكان ناتوانن تاك لایەنە خۆیان كارمەند و كرێكار وەربگرن، بەڵكو دەبێت مەرجەكانی گەشتوگوزاری تیابێت و هەر شوێنێك مەرجەكانی تیادانەبێت ڕێگای كاركردنی پێنادرێت.

کەسی پاڵێوراو بۆ کارکردن پێویستە باجی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بۆ دروستبکرێت و ئەو بەڕێوەبەرایەتیە ڕەزامەندبێت، ئەوکات خاوەنکاران لە پڕۆژەکانیان دایاندەمەزرێنن بەپێی پسپۆڕی و لێهاتووییان لە زمان و پسۆڕی و ئەزموونی کارکردنیان.

بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمە ئەلیکترۆنییەكە كلیك لێرە بكە.

بابەتی پێشتر

سەرۆك كۆمار بۆ دەنگدەران: لەپێناو چاكسازیدا بەشداریی هەڵبژاردن بكەن

بابەتی دواتر

ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێم

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بە ڤیدیۆ.. كۆماندۆی كوردستان نەخۆشێكیان لە سلێمانییەوە گەیاندەوە گەرمیان كە توانای گواستنەوەی بە وشكانیدا نەبوو

تیمی پزیشكی و فڕۆكەوانیی كۆماندۆی كوردستان نەخۆشێكیان لە نەخۆشخانەی سووتاویی سلێمانییەوە گەیاندەوە گەرمیان كە توانای گواستنەوەی بە وشكانیدا…
Total
0
Share