قسەی لیژنەی دارایی لەبارەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی تایبەت بە بودجەی 2021

ئەندامێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوای یەكلاییكردنەوەی تانەی ئەو ماددە و بڕگانەی نێو یاسای بودجە، هەر ماددەیەك یاسایی و دەستووریبێت دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، وەزارەتی دارایی تانەی لە 12 بڕگەی یاسای بودجە دابوو، بۆیە جێبەجێكردنیان ڕاگیرابوو.

ڕوونیشیكردەوە، ئەمڕۆ دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی ئەو تانانەی وەزارەتەكەی یەكلاكردەوە، ئەوەی كە بە نادەستووری و نایاسایی هەژماریكردووە ڕەتدەكرێتەوە، ئەوانەشی كە یاسایی بن جێبەجێدەكرێن.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا یاسای بودجە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە؟ ئەندامەكەی لیژنەی دارایی دەڵێت، “یاسای بودجە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام ئەو ماددە و بڕگانەی پێشتر تانەیان لێدرابوون، جێبەجێكردنیان ڕاگیرابوو”.

دەربارەی ئەوەشی كە ئایا بۆچی ئەو ماددانەی لە یاساكەدا تایبەت بە هەرێمی كوردستان هاتوون جێبەجێناكرێن؟ جەمال كۆچەر جەختیكردەوە، “هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە هەرێمی كوردستان نەوتی ڕادەستی بەغداد نەكردووە، بۆیە حكومەتی فیدراڵیش بە یاساكەوە پابەندنەبووە”.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی هەموو ئەو تانانەی لەماوەی ڕابردوودا لە یاساكە درابوون یەكلاكردەوە.

بابەتی پێشتر

 پارێزەری دۆسیەی بوونی دەڵاڵ لە دادگاکانی هەولێر ڕوونکردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

تایبەتمەندیی مووشەكە "سەرووی دەنگ"ـەكەی كۆریای باكوور چییە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share