وەزیرێكی پێشووتری عێراق دەڵێت، ئەو هێزە ئیسلامییانەی لەدوای ساڵی 2003ــوە وڵاتیان بەڕێوەبرد ژمارەیەكی زۆر هەڵەیان كرد كە وڵاتی گەیاندە ئەم دۆخە، بۆیە داوادەكات “عەمامە لەسەرەكان” واز لە كاری سیاسی بهێنن.
باقر جەبر زوبەیدی، وەزیری پێشووتری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، چانسی هێز و لایەنە مەدەنییە نوێكان پەیوەندیدارە بە قەبارەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتوو لە 10ی تشرینی یەكەم، بەڵام ئەنجامی تاڕادەیەك باش بەدەستدەهێنن، بەهۆی هەستكردنی گەلی عێراق بە شكستی ڕەوت و پارتە ئیسلامییەكان لە بەڕێوەبردنی وڵات لە ساڵی 2003ــوە.
هەروەك خۆپیشاندانەكەی ئەمدواییەی عێراق بە “هاوارێك بەڕووی سەركردەی حزبەكاندا” ناودەبات، كە “لەلایەن عێراقییەكانەوە دەرچوو دوای ئەوەی بینییان چۆن نیشتمانەكەیان بەهۆی گەندەڵیی دارایی و كارگێڕییەوە دەفرۆشرێت”.
ماڵپەڕی عەرەبی جەدید لەسەر زاری زوبەیدی (75 ساڵ) ئاماژەی كردووە بە شكستی “ئیسلامی سیاسی لە وڵاتدا، بەهۆی ئەو كەسایەتییانەی سەرۆكایەتیی دیمەنەكە دەكەن، بەتایبەت پۆستی سەرۆك وەزیران، لە ئاكامی گرفت لە ماددەی 78ی دەستوور، كە دەسەڵاتی زۆر و گەورەی داوە بە كەسی سەرۆك وەزیران، ئەم دەسەڵاتانە گۆڕیویەتی بۆ دیكتاتۆر، لەكاتێكدا لە بەرپرسیارێتییەكانیدا، نەخشەكێشانی سیاسەتی گشتی، دەرەوە و دارایی و ئابوری و ئاو و ئاوەدانكردنەوە و ئەوانی دیكەش لەخۆدەگرێت، سەرەڕای فەرماندەیی گشتیی هێزە چەكدارەكان و ئیدارەدانی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتی دەستپێكێشانەوەی هەر وەزیرێك”.
زوبەیدی وتوشیەتی، “شكست لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیران لە عێراق لە ساڵی 2003وە، بەدیاریكراویش لەو ساڵانەدا كە حزبی دەعوەی ئیسلامی فەرمانڕەوایی كرد و بە 13 ساڵ دەخەمڵێندرێت، هۆكاری پاشەكشەیە لە بەڕێوەبردنی وڵات، چونكە ناكرێت سەرۆك وەزیران لە دەرچوویەكی كۆلێجی ئایینی دیاریبكرێت، كە هیچ تێڕوانین یان شارەزاییەكی سیاسی نییە، جگەلەوەی بەداخەوە خواستی ئێرانی و ئەمریكی ڕۆڵی خۆیان هەبوو لەم ئاراستەیەدا، بەڵام دۆخەكە لەئێستادا جیاوازە، دەنگی ناوخۆیی میللی بەهێزترە”.
وەزیرەكەی پێشووتری عێراق دووپاتیشیدەكاتەوە، “ئیسلامی سیاسی شكستیهێناوە لەهەموو ئەو وڵاتانەی گەیشتووەتە دەسەڵات، جیابوونەوەكان لەنێو ماڵی ئیسلامی سیاسی ڕوونن لە عێراق”.
دەربارەی ئەوەی ئەو هۆكارانە چین كە بووە هۆی شكستی ئیسلامی سیاسی لە عێراق لە هێنانەدی دەوڵەتی ڕاستەقینە، زوبەیدی دەڵێت، “ئامانجی سەرەكیی كاری جیهادی و ئیسلامی بەر لە 2003 تەنها ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن بوو، نەك فەرمانڕەواییكردنی عێراق، بۆیە ئیسلامییەكان كە دواتر بوونە بەرپرسی گرنگ لە قۆناغی دواتردا، تاوتوێ و ئامادەكارییان بۆ كاری سیاسی نەكرد، بەڵام بڕیاری فەرمانڕەوایی بە سازانی سەرجەم هێزە بەرهەڵسكارییەكانی عێراق بوو، لە ئیسلامییەكانەوە بۆ كوردە عەلمانییەكان، وەك بەرئەنجامی كۆنگرەی لەندەن لە ساڵی 2002، دەكرێت بوترێت ئەو حزبانەی لەدوای 2003وە وڵاتیان بەڕێوەبرد، شكستیانهێنا”.
زوبەیدی داواش لە “عەمامەلەسەرە سیاسییەكان دەكات كە دەوڵەتی عێراقیان لەناوبرد، واز لە كاری سیاسی بهێنن” و وتی، “لەگەڵ مانەوەی عەمامە لە كاری سیاسیدا نیم، هەر ئیسلامییەكیش شكستیهێناوە لە بەڕێوەبردنی وڵات پێویستە بڕوات”.
هەروەك باس لە دۆخی ئێستا بەراورد بە ڕابردوو دەكات و دەڵێت، “لە پاش 2003 مەدەنییەكان دوورخرانەوە، ئاراستەكە بەرەو ئیسلامییەكان بوو، بەڵام وادەردەكەوێت كە لە ئێستادا ئاراستەكە جارێكی دیكە ڕووەو مەدەنییەكان بێت”.
باقر جەبر زوبەیدی، كە بە بەیان جەبر سۆلاغ-یش ناسراوە لەدایكبووی ساڵی 1946ی پارێزگای میسان-ە، ئەندامی پێشووی (ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی)ییە كە ساڵی 1982 لەلایەن محەمەد باقر حەكیم-ەوە دامەزرا، پێشتر پۆستە وەزارییەكانی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن، ناوخۆ و دارایی لەئەستۆ بووە، دوایین جاریش ئەندام بووە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەر لەوەی بزوتنەوەی (ئینجاز) پێكبهێنێت.