هاوكاتی یادكردنەوەی خۆپیشاندانی 25ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، سەدان خۆپیشاندەر گەیشتنە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغداد، هێزە ئەمنییەكانی پایتەختیش ڕێوشوێنی ئەمنییان لە ناوچەكە گرتووەتەبەر.
چاوەڕوان دەكرێت لە ساڵیادی خۆپیشاندانەكەی 25ی تشرینی 2019 لە بەغداد و شارەكانی دیكەی خوارووی عێراق خۆپیشاندان بەڕێوەبچن.
نەقیب ئەحمەد خەڵەف، لە پۆلیسی بەغداد ڕایگەیاند، “وەك خۆ سازكردنێك بۆ هەر ئەگەرێكی لەناكاو هەستاوین بە داخستنی پردی سنك و هێزمان لە ناوچەی سەوز و گۆڕەپانی تەحریر بڵاوە پێكردووە”.
ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئەوەشی ئاشكراكردووە، لە ناوچەی سەوزی بەغداد هێزە ئەمنییەكان لە ئامادەباشی تەواودان.
لەمیانەی خۆپیشاندانەكاندا بەپێی ئامارە فەرمییەكان 565 كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكان كوژران و سەدانی دیكەش بریندار و بێسەروشوێن بوون.
ئامانجێكی خۆپیشاندەرانیش لە ساڵی ڕابردوو كە ڕوخانی حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بوو بەدی هات، ئەوەش پێكهێنانی حكومەتی كاربەڕێكەری مستەفا كازمی لێكەوتەوە.