شارەوانیی ترابزۆن داوێتی بەسەر كۆمپانیایەكی ڕیكلامدا، كە تیایدا كاسكێتی ڕیكلامی هەڵبژاردن بۆ “هاوپەیمانی كوردستان”ی یەكێتی و گۆڕان دروستدەكرا، بەهۆی بوونی ووشەی كوردستانەوە كەرەستە دروستكراوەكانیان سووتاندووە.
ڕەفیق كروكس، كە سەرۆكی شارەوانیی ترابزۆنە، سەر بە پارتی نەتەوەپەرستی توركیا – مەهەپەیە و سەركردایەتیی هەڵمەتەكەی كردووە، (مەهەپە لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار هاوپەیمانێتیی كۆماری پێكهێناوە).
دوای ئەوەی هێزەكانی شارەوانی و پۆلیس دەچنە كارگەكە، كاسكێتەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی “هاوپەیمانی كوردستان” كۆدەكەنەوە و لە سەرشەقامی بەردەم كارگەكە دەیسوتێنن.
سووتاندنی ئەو كاڵایەنەی هاوپەیمانی كوردستانی یەكێتی و گۆڕان لە توركیا، لەكاتێكدایە پێشتر پڕوپاگەندەی ئەوە دەكرا كە هەنگاو و چاكسازییەكانی هەشتی تەمموز بە ویستی دەرەكیی توركیایە، بەڵام هەنگاوێكی لەو شێوەیە و سوتاندنی ئەو كاڵایانەی هاوپەیمانێتییەكەی یەكێتی و گۆڕان، دەرخەری دید و ڕوانینی توركیایە، كە پێچەوانەی پڕوپاگەندەكانی بەستنەوەی هەنگاوەكانی هەشتی تەمموزە بە داواكاریی دەرەكی و توركیاوە.
سەرۆكی شارەوانیی ترابزۆن لەبارەی هەڵمەتەكەوە قسەی بۆ میدیاكانی توركیا كردووە، دەڵێت، “ئێمە نەتەوەی توركین، ئەم پۆستەرانە كە خواستی دابەشكردنی وڵاتەكەمانی هەیە، ناكرێت لەم ناوچەیە دروستبكرێت، ئێمە وەكو نەتەوەی تورك ڕێگە نادەین ئەم پۆستەرانە لێرە دروست بكرێن”.
سەرۆكی شارەوانییە مەهەپەییەكە زیاتر لەوەش دەڵێت، “نیگەرانین لەو ڕاستییەی ئەم پۆستەرانەی خزمەت بە پەكەكە دەكەن، لێرە دروست بكرێن”.
كاسكێتەكان لە كارگەیەك بەناوی “ئەنادۆلو هاتچیلیك” دروستدەكران، ئەوانیش قسەیان بۆ میدیاكانی توركیا كردووە، دەڵێن، دروستكردنی ئەو كاسكێتانەی هەڵمەتی هەڵبژاردن نایاسایی نییە و لەچێوەی یاسا ڕێگەپێدراوەكانی دەوڵەتی توركیایە.