گوماندەكرێت زیندانییانی بادینان “تیرۆری بایۆلۆجی” كرابن

ئەیھان سەعید نوێنەری زیندانیيانی بادینان دەڵێت، “گومانی تیرۆری بایۆلۆجیی زیندانییانی بادینان ھەیە و بۆ پشکنین داوای لیژنەیەکی باڵای تەندروستی دەکەین”.

لە پەیامێكدا كە ئەمڕۆ هەینی لە دووەم ساڵیادی سزادانی چالاکوان و رۆژنامەنووسانی بادینان ئاراستەی رای گشتیی كرد، ئەیھان سەعید نوێنەری زیندانیيانی بادینان رایگەیاند، “لە دووەم ساڵیادی سزادانی چالاکوان و رۆژنامەنووسانی بادینان کە پرۆسەکە لەژێر حوکمڕانیی کابینەی نۆیەمی ئەقڵ پۆلیسی و دۆگماتیکییەكەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە یەکەم رۆژ تا ئێستا نایاسایی و نا دیموکراسییە، کاردانەوە و نیگەرانیی نێوخۆیی و جیھانیی لێکەوتەوە و لەبری پێداچوونەوە و باشترکردنی دۆخەکە، ئێستا گرووپێکی دەروون نەخۆشی (سادیزم)ی نێو پارتی و بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت دژی گیراوەکانمان دەستێوەردان لە کاروباری دادگا و چاکسازیی گەورانی ھەولێر دەکەن”.

دەقی پەیامەكە:-

پەیامێک لەلایەن نوێنەری زیندانییانی بادینان

بۆ/ رای گشتی

لە دووەم ساڵیادی سزادانی چالاکوان و رۆژنامەنووسانی بادینان کە پرۆسەکە لەژێر حوکمڕانیی کابینەی نۆیەمی ئەقڵ پۆلیسی و دۆگماتیکییەكەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر لە یەکەم رۆژ تا ئێستا نایاسایی و نا دیموکراسییە، کاردانەوە و نیگەرانیی نێوخۆیی و جیھانیی لێکەوتەوە و لەبری پێداچوونەوە و باشترکردنی دۆخەکە، ئێستا گروپێکی دەروون نەخۆشی (سادیزم)ی نێو پارتی و بە فەرمانی سەرۆکی حکومەت دژی گیراوەکانمان دەستێوەردان لە کاروباری دادگا و چاکسازیی گەورانی ھەولێر دەکەن.

لەلایەکی تریشەوە ئێمە زۆر بە گومانین لە جۆری مامەڵەکردنی بەرپرسانی ئیدارەی زیندانیی چاکسازی لەگەڵ گیراوەکانمان تا ڕاددەی گومانی (پیلانی ڕەش و تیرۆری بایلۆجی) بەتایبەت لەم رۆژانەی دواییدا بەرامبەر (شێروان شێروانی) و بۆ ئەم مەبەستەش بە وردی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناوخۆ و نێودەوڵەتیەکانمان لێئاگادارکردوتەوە و بەرپرسایەتی ھەر زیانێك بە گیراوەکانمان دەخەینە پاڵ حکومەت و لایەنی ئیداری و ئەمنیی زیندانیی چاکسازی کە پارتی بەسەردا زاڵە.

بۆیە بە گرنگی دەزانین کومەڵێك خاڵ وەکو رێگا چارە بۆ ڕای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان رابگەیێنین:

١- پێکھێنانی لژنەیەکی باڵای تەندروستی سەربەخۆ بە ھەماھەنگی یۆنامی و دەستەی سەربخۆی مافی مرۆڤ بۆ پشکنینی خوێن و ھەڵسەنگاندی دوخی تەندروستی زیندانیانی بادینان (بەوانەی ئازادیش بوونە!).

٢- دوسیەی زیندانییانی بادینان ماسکی دادوەرە حزبیەکانی خست، بۆیە پێویستە دووبارە دەسەڵات و ئەنجومەنی دادوەری دور لە پشک پشکێنەی حزبی رێکبخرێت، چونکە لە ھەموو سیستەمێکی سیاسیدا بۆ حوکمڕانیەکی باش “دادگا” سەنگی مەحەکە، بۆیە لەم ھەرێمەدا مەترسی لەسەر ھەموو ھاوڵاتیەک ھەیە و ھیچ مافێکیش گرەنتی نەکراوە چونکە یاسا و دەسەلاتی دادوەری لە دەستێکی سەربەخۆ و ئەمیندا نیە و لەژێر ڕکێفی حزب و دەسەڵاتی جێبەجێکاردایە.

٣-رێگە بدرێت بە زووترین کات مواجەھەی پارێزەرەکان لەگەڵ گیراوەکانمان بکرێتەوە، ئەوانەی بەر کەمکردنەوەی حوکم نەکەوتن وەکو رۆژنامەنووس (قارەمان شوکری رێکانی) کە لە دادگایەکی نھێنیدا حەوت ساڵ سزادرا ئازادبکرێن.

٤- دەستبەجێ زیندانییان ئازادبکرێن، چونکە لە ڕووی یاساییەوە بەپێ بڕیاری دادگا و کەمکردنەوەی لەسەدا ٦٠٪‏ی سزاکەیان لە لایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە و لەبارچاوگرتنی یاسای ژمارە ٢٣ی بنەما دادگاییەکانی سزا (اصول محاكمات الجزائية)، ئازادکردنی مەرجدار (إفراج الشرطي) ماددەی ٣٣١، سزای زیندانیانی بادینان تەواو بوە و زیاتریش لە ماوە یاساییەکەی خۆیان ڕاگیراون.

ئەمەی لە دووەم ساڵیادی سزادانی زیندانییانی بادینان دەکرێت کە ھاوکاتە لە دوانزەیەم ساڵیادی خۆپێشاندانەکانی ١٧ی شۆباتدا پرسێکی گشتیە و ئەرکی ھەموو لایەکە بەجدی بھێتە وەڵام و ھەلوێستیان ھەبێت، ڕای گشتی، میدیا، داواکاری گشتی و دەستەڵاتی دادوەری، لایەنەکان، و یونامی دەستەی مافی مرۆڤ، نوێنەرانی وڵاتان لەھەرێم و رێکخرواوە جیھانیەکان کە کار بۆ دیمۆکراسی و ماف و ئازادی بکەن، چونکە ئەو چالاکوانانە لەسەر ڕای جیاواز و خۆپیشاندان و خەباتی مەدەنی سزادراون.

بێ جگە لەزیندانیانی بادینان دەیان سزادراوی دیکەی شارەکانی دیکەش لەسەر بیرۆرای جیاوازی سیاسی  ماوەی ٣ تا ٥ ساڵی بێ دادگاییکردن لە ئاسایشی گشتی حجزکراون.

ئەگەر ئەم ئەقلیەتە حوکمڕانییە بەردەوام بێت کە مەترسیە بۆ سەر قەوارەی ھەرێم، رۆژگارێکیش چاوەڕێمان دەکا ھەر لە دامەزراوەی میدیایی و سەرۆک حزبی ئۆپۆزسیۆنەوە تا کۆمێنت نوسینێک دەکەونە بەردەم مەترسی گرتن و دادگا حزبییەکان.

ئەیھان سەعید – نوێنەری زیندانیانی بادینان

١٧ی شوباتی ٢٠٢٣

بابەتی پێشتر

شاخەوانێك لە چیای زمناكۆ كەوتەخوارەوە

بابەتی دواتر

ئەو شاخەوانەی لە چیای زمناكۆ رزگارکرا تەندروستیی جێگیرە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share