زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا

کەمێک بەرلە ئێستا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قوتابخانەی سۆرکە لە قەزای شەقڵاوە زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی (2022-2021)ی لێدا.

مەسرور بارزانی لە میانی لێدانی زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، وتارێكی پێشكەشكرد، ڕایگەیاند، لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکاندا ئەنجومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە هەوڵیداوە تا ئاستێکی زۆر پێداویستییەکانی خوێندکاران بۆ خوێندنی ئەمساڵ دابینبکات.

زەنگی ئەمساڵی خوێندن لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەو قوتابخانەیە لێدرا کە ساڵی ڕابردوو مامۆستایەک بەناوی (ئیبراهیم سەباح) لەکاتی دەوامی قوتابخانەکەدا بە تەزووی کارەبا گیانیلەدەستدا، سەرۆکی حکومەت بڕیاریدا ناوی قوتابخانەکە لە سۆرکە-وە بگۆڕێت بۆ “شەهید ئیبراهیم سەباح ناسر”.

سەرۆکی حکومەت داوای لە مامۆستایان کرد لە پرۆسەی خۆڤاکسینکردندا کەمتەرخەمی نەکەن و لەپێناو پاراستنی گیانی خۆیان و قوتابیاندا ڤاکسین وەربگرن.

هەروەها سوپاسی مامۆستایان و قوتابیانی کرد کە ساڵی ڕابردوو خۆڕاگربوون بەرامبەر سەختییەکانی بەردەم پرۆسەی خوێندن بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.

پێشتریش وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی خوێندنەوە ڕایگەیاندبوو، “پێویستە رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکرێت و پێویستە مامۆستایان ڤاکسین وەربگرن بۆ ئەوەی پارێزراوبن و بتوانین ساڵێکی باش و سەقامگیر بەڕێبکەین، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێکارەکانی دیکەی خۆپارێزی لە بەستنی دەمامک لە ناوەندەکانی خوێندن ناچارییە و پێویستە جێبەجێ بکرێت”.

بۆ ئەمساڵی خوێندن زیاتر لە ملیۆنێک و 725 هەزار خوێندکار لە گشت قۆناغەکانی خوێندندا هەن، لە کەرتی ناحکومیش زیاتر لە 90 هەزار خوێندکار دەخوێنن، واتە زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار خوێندکار لە ناوەندەکانی خوێندن دەستیان بە خوێندن كردەوە.

بابەتی پێشتر

ڕاپەڕین.. کەسێک بەتۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل و ساغکردنەوەی دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

پێگەیشتنی تەماتەی پێنجوێن هاوردەی ئەو بەرهەمەی بۆ هەرێم قەدەغەکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share