لە سلێمانی، لیژنەیەكی هاوبەش ڕۆژانە پشكنین بۆ جۆر و كوالێتی بەنزین لە بەنزینخانەكان دەكات و بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكان دەڵێت، سەرپێچیكار ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لیژنەیەكی هاوبەشی قائیمقامیەت كە پێكدێت لە نوێنەری قائیمقامیەت، ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان، ڕۆژانە پشكنین بۆ بەنزینخانەكان دەكەن.
وتیشی، “لیژنەكە نمونەی بەنزین لە بەنزینخانەكان وەردەگرێت و لەلایەن لیژنەیەكی دیكەی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە پشكنین بۆ جۆر و كوالێتی بەنزینەكە دەكرێت”.
“لەسەر ئاستی قەزا و ناحیەكانیش لیژنەی هاوشێوە پێكهێنراوە و نمونەی بەنزینی ناوچەكان وەردەگرن و ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان دەكرێت و ئەنجامی پشكنینەكان بە سەرۆكی یەكەی ئیداری شار و ناحیە و قەزاكان دەگەیەندرێت”، محەمەد حەسیب وای وت.
ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن سەرۆكی یەكەی ئیداریی ناوچەكانەوە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو بەنزینخانانە دەگیرێتەبەر كە جۆر و كوالێتی بەنزینەكەیان خراپە، یاخود پێوەرەكانیان (عەداد) ناتەواوە.
ڕوونیشیكردەوە، ڕێوشوێنەكان هەریەك لە چاككردنی بەنزین، دەستبەسەراگرتنی یاخود سزای پێبژاردن لەخۆدەگرێت.