حزبەکانی ڕۆژهەڵات داوا دەکەن حکومەتی هەرێم سنورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئێران دابنێت

ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات لەبەرامبەر هەڕەشەکانی محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، “با کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی هەرێم سنورێک بۆ زیادەڕۆییەکانی ئێران دابنێنن”.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ناوەندی هاوکاریی حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەڵێن، “لەگەڵ پشێوییەکانی ناوچەکە دڵنیاین لەوەی ئێران بەدوای دروستکردنی قەیرانێکی دیکەدا دەگەڕێت”.

حزبەکانی ڕۆژهەڵات داوایان لە حکومەتی عێراقیش کردووە ئاگاداری ئەو هەڕەشانە بێت و سنوورێک دابنێت بۆ مەترسییەکانی ئێران لە خاکەکەیدا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا حزبەکانی ڕۆژهەڵات ئاماژەیان بەوەشکردووە، “هەڕەشەکانی سوپای پاسداران و هەڕەشەکردن لە بۆردومانی ناوەندەکان، لە کاتێکدایە ئەو شوێنانە شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەرانی سیاسی و چالاکان و ژن و منداڵە”.

ناوەندەکەی لە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، “كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، حیزبی دیموكراتی كوردستان، حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و  كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان” پێکهاتووە.

دوێنێ فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران هۆشداریی دا بە هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان نزیکی بنکە و بارەگاکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات نەکەون، چونکە وەڵامی ئەو حزبانە دەدرێتەوە.

محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران بە سوپا نیوزی ڕاگەیاندبوو، “سەرەڕای هۆشدارییەکانمان بە بەرپرسانی هەرێم، هێشتا چالاکیی گروپە تیرۆریستییەکانی جێگیر لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و بە توندی وەڵامیان دەدرێتەوە”.

بابەتی پێشتر

میدیای ئێران دەڵێت فڕۆکەیەکی پاکستانی لە پەنجشیر خراوەتەخوارەوە

بابەتی دواتر

کەرکوک.. لە بۆسەیەکی هێزە عێراقییەکاندا چوار چەکداری داعش کوژران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share