وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێك لە بەرژەوەندیی خاوەن ماتۆڕە بێسەرەتاكان دەردەكات

لە ڕسوماتی تۆمارکردنی ژینگە و ڕێگەوبان و تابلۆ دەبەخشرێن

وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئەو ماتۆڕسكیلانەی لە دەروازەكانی هەرێمەوە داخڵكراون، تۆماردەكرێن، دەشڵێت، لە ڕسوماتی تۆمارکردنی ژینگە و ڕێگەوبان و تابلۆ دەبەخشرێن.

بەپێی فەرمانی ژمارە (2778) كە ئەمڕۆ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە دەرچووە، بڕیاردراوە بە تۆماركردنی سەرجەم ئەو ماتۆڕسكیلانەی بە شێوازی فەرمی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوردەکراون.

لە فەرمانەكەدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی زۆربەی ماتۆڕسکیلەکان بێسەرەتان و بە شێوازی قاچاخ و پارچەی یەدەگ داخڵی هەرێم کراون و دواتر پارچەکان بەیەکەوە بەستراون “بوونەتە هۆی چەندین ڕووداوی هاتوچۆ و گەیاندنی زیانی ماددی و گیانی بە هاوڵاتیان”، دەشڵێت، تۆماركردنیان بە مەبەستی نەهێشتنی ئەو دیاردەیەیە.

دەقی بڕیارەكانی فەرمانەكە:

1. تۆمارکردنی ئەو ماتۆڕسکیلانەی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هاوردەکراون بەپێی ڕێنمایی ژمارە 7ی ساڵی 2021.

2. بەخشینی ئەو ماتۆڕسکیلانە لە گشت ڕسوماتی تۆمارکردنی (ژینگە، ڕێگەوبان و تابلۆ).

3. ئەگەر ماتۆڕسکیلەکان لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق هاوردەکرابێت، پێویستە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ نووسراو بکرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگی تایبەتمەند لە هەرێم بە مەبەستی پەسەندکردنی ئەو مەنەفێستانەی ماتۆڕسکیلەکەی پێ هاوردە کراوە.

4. ماتۆڕسکیلی هاوردەکراو لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق بەدەردەکرێن لە گرێبەستی ئەلیکترۆنیی فرۆشتنی ماتۆڕسکیل، کە لە ڕێنمایی ژمارە 2ی ساڵی 2021 دیاریکراوە و تەنها پێویستی بە گرێبەستی ئاسایی هەیە لە نێوان کۆمپانیای هاوردەکراو یان فرۆشیار لەگەڵ خاوەنی ماتۆڕسکیل.

فەرمانەكە بۆ ماوەی یەك ساڵ لە 1ی ئەیلولی 2021 تا 1ی ئەیلولی 2022 كاری پێدەكرێت و تەنها ئەو ماتۆڕسکیلانەش دەگرێتەوە کە پێش 1ی ئەیلولی ئەمساڵ بەشێوازی فەرمی هاوردەکراون.

بابەتی پێشتر

لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان: دۆخی کشتوکاڵی هەرێم زۆر مەترسیدارە

بابەتی دواتر

ڕیاڵ پلان.. یاریگا و پێکهاتەی نوێ بە سێ ئەستێرەی گەورەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

كێشەی مووچە چارەسەردەكرێت

بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم بانكەكان پێكەوە دەبەسترێنەوە و دابەشكردنی مووچە دەكرێتە كارتی بانكی و جەختیشدەكاتەوە، ”…
زیاتر ببینە

پەرلەمانتارێک: حکومەتی هەرێم زیاتر لە ترلیۆنێک و 200 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی عێراق قەرزدارە

پەرلەمانتارێک رایدەگەیەنێت، “حکومەتی هەرێم زیاتر لە ترلیۆنێک و 200 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی عێراق قەرزدارە”. کاروان یاروەیس، ئەندامی…
Total
0
Share