وەزیری نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئۆپیك+ ڕێككەوتووە لەسەر زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە تشرینی یەكەمی داهاتووەوە.
ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا پاش كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئۆپیك+ ڕایگەیاند، ڕێككەوتنەكانی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان و دواتریش زیادكردنی پلەبەندی بەپێی بارودۆخی بازاڕ بووە هۆی كۆنتڕۆڵكردنی ئەو فەوزایەی بەهۆی كاریگەرییەكانی بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە هاتە ئاراوە.
ئومێدی خۆیشی نیشاندا بەوەی لەماوەی ئایندەدا سەقامگیری لە بازاڕی نەوتدا بەدیبێت. ئاماژەی بەوەشكرد، ڕێككەوتن كراوە لەسەر زیادكردنی پلەبەند بە بڕی 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا لە مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە.
وەزیری نەوت دوپاتیشیكردەوە، عێراق پشتیوانیی سەرجەم ئەو ڕێككەوتنانە دەكات كە دەبێتە هۆی سەقامگیریی بازاڕی نەوت.
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا ئۆپیك+ ڕەزامەندی دا لەسەر پابەندبوون بە سیاسەتی بەرهەمهێنانی ئێستا لەڕێی زیادكردنی ڕێژەیی و بەشێوەی مانگانە، زیادكردنی ئەمجارەش دەكەوێتە سەرەتای مانگی داهاتووەوە.