ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاسپێردرا هەنگاوبنێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و ژمارەیەک بابەتی پەیوەست بە دۆخی ئاسایش، خزمەتگوزاری و کاروباری پەیوەست بە ئەرکی گشتی، تاوتوێکرد.
دەقی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە:
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی سەرکۆنە و شەرمەزار کرد و جەختی لەسەر ئەوەکردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە ئامانجی تێکدانی نەک تەنیا سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئارامیی ناوچەکە. ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە هەرێمی کوردستان بەشێک نەبووە لە شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە و هەمیشە هەوڵیداوە وەک فاکتەرێکی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیری بمێنێتەوە، بۆیە داوای کۆتاییهاتنی ئەو هێرشانەی کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ناوخۆ پێشنیاری درێژکردنەوەی ماوەی جێبەجێکردنی بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد تایبەت بە لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتوچۆ.
پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پێشنیارەکەی پەسەندکرد بۆ لێخۆشبوون لە ڕێژەی 20٪ـی سزاکانی هاتوچۆ لە 1ی تەمموزی 2026 تا 31ی کانوونی یەکەمی 2026، ئەمەش بەمەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ هاوڵاتییان و ئاسانکاری بۆ پاکتاوکردنی ئەو بڕە پارانەی لە ئەستۆیانە.
پاشان وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت ڕاپۆرتێکی تەواوی سەبارەت بە بارودۆخی سووتەمەنی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، ئاماژەی دا بە هەنگاوەکانی وەزارەتیان بەمەبەستی دابەزینی نرخی بەنزین لە بازاڕەكانی هەرێم و كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە هەموو ڕێکار و هەنگاوێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و ئاسانکاریی پێویست لەم ڕووەوە پێشکەشبکەن بۆ دابینکردنی بڕێکی زیاتر لە سووتەمەنی و ڕێگرتن لە هەر ڕێکارێک کە ببێتە هۆی بارگرانی لەسەر هاوڵاتییان.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی ڕاسپارد چاودێریی وردی بازاڕ و بەنزینخانەکان بکەن بۆ پابەندبوون بە نرخە دیاریکراوەکان لەلایەن وەزارەت و پاراستنی کوالێتیی بەنزین، بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.
دواتر وەزیری کارەبا ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی کارەبا خستەڕوو، چەند پێشنیارێکی بۆ سوودی بەشداربووانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی پێشکەشکرد.
ئەنجومەنی وەزیران، لە دوای گفتوگۆ، پێشنیارەکانی وەزارەتی کارەبای پەسەندکرد تایبەت بە ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان لە گەڕانەوەی قەرزی کەڵەکەبووی پارەی کارەبا، ئەویش لە ڕێگەی داشکاندنی بەشێک لە قەرزە کەڵەکەبووەکان.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕێژەی 50% داشکاندن بۆ قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی دەکرێت، هەروەها ڕێژەی 25% داشکاندن بۆ قەرزی هاوبەشانی بوارەکانی پیشەسازی، بازرگانی و کەرتی گشتی دەدرێت، بەمەبەستی هاندانی هاوبەشان بۆ پاککردنەوەی قەرزە کۆنەکان و خستنەوەگەڕی ئەم داهاتە لە خزمەتی کەرتی کارەبا و بەردەوامبوونی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە سەرانسەری هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیران لە هەمانکاتدا، وەزارەتی کارەبا و تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی ڕووناکیی ڕاسپارد، لە ماوەیەکی نزیکدا، ڕێنمایی و میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە بڵاوبکەنەوە، لەوانە ڕێکەوتی دەستپێکردنی داشکاندنەکە و شێوازی پارەدان و چۆنیەتیی دەستڕاگەیشتن بەم داشکاندنە و ئەو هاوبەشانەی کە داشکاندنەکە دەیانگرێتەوە.
لە هەمانکاتدا، جەخت لەوەشکرایەوە کە ئەم داشکاندنانە، تەنيا قەرزە کۆنەکانی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕووناکی دەگرێتەوە نەک پارەی مانگانەی پڕۆژەی ڕووناکی، بۆیە پێویستە هەموو هاوبەشانی کارەبا بەردەوامبن لە پێدانی پارەی مانگانەی خزمەتگوزارییەکە لە کاتی خۆیدا تاوەکو پڕۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری بەردەوامبێت.
لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، چەند ڕاسپاردەیەکی تایبەتی سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشکرد.
پاش گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران ئەو ڕاسپاردانەی پەسەندکرد، بەمەبەستی یەکخستن و نوێکردنەوەی ڕێکارەکانی پەیوەندیدار بە مۆڵەتی بێمووچە لەگەڵ پێداویستییە یاساییەکان، بەتایبەتی یاسای نوێی بەرکاری خانەنشینیی یەکگرتوو و یاسا پەیوەندیدارەکانی دیکەی وەزیفەی گشتی، بۆ ئەم مەبەستەش ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی دارایی و ئابوری و ئەنجومەنی گشتیی ڕاژەی ڕاسپارد، لەبەر ڕۆشنایی ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران، ڕێنمایی پێویست لەمبارەوە دەربکەن.