بەپێی ئامارەكانی دەزگای ناوەندیی سەرژمێری و ئامار لە میسر ژمارەی دانیشتووانی قاهیرەی پایتەخت گەیشتووەتە 10.1 ملیۆن كەس، لەماوەی كەمتر لە 10 ساڵدا هاوتای دانیشتوانی چوار وڵاتی ئەوروپی دەبێت، ئەوانیش پورتوگال، هەنگاریا، سویسرا و نەمسا.
بەپێی دەزگاكە ژمارەی دانیشتووانی قاهیرە لە ساڵی 2030دا نزیك دەبێتەوە لە ژمارەی دانیشتوانی سوید بە 11.2 ملیۆن كەس، ئیمارات 11.1 ملیۆن، یۆنان 10.8 ملیۆن، چیك 10.7 ملیۆن كەس،
هەروەك یەكسان دەبێتەوە یان زیاتر دەبێت لە دانیشتووانی ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپی لە هەمان ساڵدا، پورتوگال 10 ملیۆن كەس، هەنگاریا 9.6 ملیۆن، سویسرا 9.5 ملیۆن و نەمسا 9.3 ملیۆن كەس.
قاهیرە لە لوتكەی 10 پارێزگای میسردایە لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە 10.1 ملیۆن كەس، دوای ئەویش جیزە لە پلەی دووەمدایە بە 9.3 ملیۆن، شەرقییە 7.7 ملیۆن، دقهلیە 6.9 ملیۆن و بحەیرە بە 6.7 ملیۆن كەس.
تەنها 50 ڕۆژ بەس بووە بۆ زیادبوونی دانیشتووان بە 250 هەزار تازە لەدایكبوو، بەپێی بەشی پێوەری دانیشتووانی سەر بە دەزگای ناوەندیی سەرژمێری و ئامار، بەوەش ژمارەی دانیشتووانی میسر گەیشتە 102 ملیۆن و 250 هەزار، دوای ئەوەی لە 5ی تەمموزی ڕابردوو ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەكە 102 ملیۆن كەس بوو.
ناوەندی زیادبوونی ڕۆژانە لەماوەی ئەو 50 ڕۆژەی ئەمساڵدا پێنج هەزار كەس بووە، كە لە كاتژمێرێكدا 208 و لە خولەكێكدا 3.5 كەسە، واتە بە زیادبوونی تاكێك هەر 18 چركەیەك.
س: یوم السابع + RT