سەردەمی زێدان لە ڕیاڵ مەدرید کۆتاییهات؟ دوورناخرێتەوە و دووردەکەوێتەوە..

یانەی ڕیاڵ مەدریدی ئیسپانی لەم وەرزەدا بەردەوامە لە نیشاندانی ئاستێکی خراپ و دوای شکستیان بەرانبەر یانەی شاختار، ئەگەری ماڵئاواییکردنی زینەدین زێدان هاتووەتە ئاراوە.

یانەی شاهانە لەماوەی هەفتەیەکدا بەرانبەر قادیش لە خولی پلە یەکی ئیسپانیا، پاشان بەرانبەر شاختار دۆنستیکی ئۆکرانی لە خولی یانە پاڵەوانەکان یەکەم دۆڕاندنیان تۆمارکرد، ئەم ئەنجامانەش ڕۆژنامەنوسانی ئیسپانیای گەیاندووەتە ئەو بۆچوونەی زێدان لە ڕیاڵ کۆتاییهاتووە.

ڕامۆن دی لا مۆرینا، ڕۆژنامەنوسی ئیسپانی لە پڕۆگرامی ئیل شیرینگیتۆ دەڵێت، ” لە ژووری جلگۆڕینەکان لە نێوان یاریزاناندا دەنگۆی ئەوە هاتووەتە ئاراوە، کە زێدان وازهێنان ڕادەگەیەنێت و دەڕوات”.

لە بەرانبەردا ئیدۆ ئابیدال، دەڵێت، ” بارودۆخەکە نا جێگیر و نامۆیە، یانەکە ستایلی یاریکردنی نییە و بڕیارە چاوەڕواننەکراوەکانی زێدان هەمووانی سەرسامکردووە، بەڵام دڵنیام دوورناخرێتەوە تەنانەت ئەگەر کلاسیکۆش بدۆڕێنێت، ئەوەی کە ناتوانم بەدووری بزانم وازهێنانی ڕاهێنەرەکەیە”.

بۆچوونی ڕۆژنامەنوسان لە پڕۆگرامەکەدا بەردەوامی هەبوو، تۆماس ڕۆنسێرۆی ناسراو بە هاندەرە سەرسەختەکەی ڕیاڵ، دەڵێت، ” پەیامی زێدان لە ڕیاڵ مەدرید کۆتاییهات، زێدان لە شکستی بەردەوامدایە و ئەوەی ڕوودەدات تۆقێنەرە”.

دیێگۆ پلازا دەڵێت، ” ماوریسیۆ پۆچتینۆ بێکارە و چاوەڕێی پڕۆژەیەکی گەورەیە، کاتی هاتووە پێرێز هەوڵی بۆبدات”.

خوانما ڕۆدریگێز دەڵێت، ” شەمەندۆفێری ڕیاڵ مەدرید لەسەر کەس ناوەستێت تەنانەت ئەگەر زێدانیش بێت، سوپاس بۆ هەموو شتێک، ماڵئاوا”.

لە کۆتاییدا جوسێپ پیدرۆڕێڵی پێشکەشکاری بەرنامە دەڵێت،” فلۆرنتینۆ پێرێز بەهیچ شێوەیەک زێدان دوورناخاتەوە”.

بۆچوونی ڕۆژنامەنوسانی ئیسپانیا دەریدەخەن، کە زێدان لە بارودۆخێکی هەستیاردایە و لەدوای هەر شکستێک لە کلاسیکۆی نو کامپ، ئەگەر هەیە خۆی دەستلەکاربکێشێتەوە.

بابەتی پێشتر

چێڵسی لە میرکاتۆی زستان دەستبەرداری یەکێک لە ئەستێرەکانی دەبێت

بابەتی دواتر

دوای (15) ڕۆژ کریستیانۆ دەتوانێت بەرانبەر بەرشلۆنە بەشداریبکات؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share