“رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید” داوا سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات، بڕیاری لەسێدارەدانی مەزڵوم داغ و عەبدلڕەحمان ئەرێ واژۆ نەكات و هەڵیبوەشێنێتەوە، پێشتر ئەو دوو كەسە لە دۆسیەی رێستۆرانتی هۆقە باز لە شاری هەولێر، بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەركراوە.
ڕێكخراوەكە ئەمڕۆ سێشەممە 20ی تشرینی یەكەم ئەو بڕیارەی بە “زاڵمانە نا مرۆڤانە” ناوزەد كرد و پێیوایە پەسەندكردنی بڕیارەكە، “كاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر ناوی هەرێمی كوردستان و خودی كەسایەتیی سەرۆكی هەرێم دەبێت “
دەقی داوانامەكە:-
پشتیوانی لە داواكاری بنەماڵەی دەكەین روو لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان.
لە 22-9-2020 دادگای باڵای هەولێر سزای لە سێدارەدانی بەسەر مەزڵوم داغ و عەبدلڕەحمان ئەرێ پەسەندكرد لەسەر دۆسیەی رێستۆرانتی هۆقە باز لە شاری هەولێر، ئێمە كە لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حوكمی ئیعدامین بەسەر مرۆڤدا بەشێوەی گشتی، دەمانەوێت لە جیهان و كوردستان ئەم بڕیارە نەمێنێت، داواكارین ئەم بڕیارە زاڵمانە نا مرۆڤانەیە جێبەجێنەكرێت بەرامبەر بەو دوو مرۆڤە و هەڵوەشێتەوە، وەك پشتیوانییەك لە داواكاریی بنەماڵەی ئەو دوو گەنجە، ئێمەش داوا لە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین بڕیارەكە پەسەند نەكات و بیگەڕێنێتەوە، پەسەندكردنی بڕیارەكە كاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر ناوی هەرێمی كوردستان و خودی كەسایەتیی سەرۆكی هەرێم دەبێت .
تكایە بڕیارەكە واژۆ مەكەو بیگەڕێنەوە
نا بۆ ئیعدام بەڵێ بۆ ژیان
رێكخراوی كوردستان بێ جینۆساید
هەڵمەتی ژیان نا بۆ ئیعدام
هەولێر 20-10-2020