وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایدەگەیەنێت، دانیشتوانی كابول و باڵیۆزخانەكان و بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان دەپارێزن، دەشڵێت ڕێگە نادەن خاكی وڵاتەكەیان بەكاربهێنرێت دژی هیچ دەوڵەتێك.
دوای سهركهوتنیان و كۆنترۆڵكردنی تهواوی ئهفغانستان، بهرپرسانی بزوتنهوهی تاڵیبان یهكهم كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدا.
زەبیحولڵا موجاهید لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەیدا باسی پلانی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی ئەفغانستان كرد و ڕایگەیاند، “لەمڕۆوە كۆتاییهاتنی دوژمنایەتی ڕادەیەگەیەنین لەگەڵ سەرجەم ئەوانەی كێشەمان هەبووە لەگەڵیان”.
ئاماژەی بۆئەوەشكرد، “ئەمارەتی ئیسلامی بەدوای تەسفیە حسابيەوە نییە لەگەڵ كەس و لێبوردنی گشتیمان دەركردووە بۆ سەرجەم خەڵك تەنانەت بۆ ئەوانەشی لەگەڵ هێزەكانی ئەمەریكاش كاریان كردووە”.
وتەبێژەكەی تاڵیبان باسی لەوەشكرد، “گفتوگۆی جددی هەیە بۆ داڕشتنی میكانیزمێك بۆ گەڵاڵەكردنی سیستمێكی ئیسلامی لە ئەفغانستان”.
زەبیحولڵا موجاهید، جەختی لەوەشكردەوە، “خەڵك و باڵیۆزخانەكان دڵنیا دەكەینەوە پارێزراو دەبن، بەتایبەت ناوچەی سەوزی كابول و دەوروبەری باڵیۆزخانەكان و بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان، كەسیش لەدژی ئەوان نابێت و چەكدارەكانمان درێغی ناكەن لەدابینكردنی ئاسایش بۆیان”.
هەر لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا سەركردەكەی تاڵیبان وتی، “ڕێگە نادەین خاكی ئەفغانستان بەكاربهێنرێت دژی هیچ وڵاتێكی دراوسێ “.
لەبارەی مافی ئافرەتانیش زەبیحوڵا موجاهید دەڵێت، “بەڵێن دەدەین سەرجەم مافە شەرعییەكانی ژنان دابین بكەین”.