پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، لە دوو چالاكیی جیاجیادا، سێ تۆمەتباریان بە تۆمەتی مامەڵەكردن بە دراوی ساختەوە دەستگیركرد.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “ڕۆژی 7/8/2021، چەند خاوەن دوكانێك بنكەی پۆلیسی سەرایان ئاگاداركردەوە، كە لەكاتی مامەڵەكیاندا پارەی ساختەیان دراوەتێ”.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، “دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، بنكەی پۆلیسی سەرا لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی دەستپێكرد و گومان خرایە سەر دوو تۆمەتبار، توانرا لە ڕۆژی 11/8/2021 هەردوو تۆمەتبار لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە دەستگیربكرێن”.
پۆلیسی سلێمانی باسی لەوەشكردووە، “لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا دەستیشگیرا بەسەر بڕی 14 ملیۆن دیناری عێراقیی ساختەدا، لەگەڵ بڕێك دۆلاری ئەمریكیی ساختە و ئوتۆمبێلێك كه بە تۆمەتبارەكان بووە”.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، لە چالاكییەكی دیكەدا “بنکەی پۆلیسی ڕزگاری تۆمەتبارێکیان بەناوی ( ب، ح، ف) لەدایکبووی (1999) لە شەقامی سالمی سلێمانی دەستگیرکردووە، کە بڕێک دراوی بیانیی ساختەی پێبووە و بەنیازبووە ساغیبکاتەوە”.
ڕاشیگەیاندووە، “لەئێستادا هەرسێ تۆمەتبارەكە، كە كوردن، بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن”.