ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، لەڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە قسەی لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكی ئێران كرد و داوایەكی ئاراستە كرد.
بەگوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵی ئێران، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكی ئێران بە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسای ڕاگەیاندووە، تاران مكوڕە لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی لە ناوچەكەدا.
سەرۆكی ئێران هەموو ئەو تۆمەتانەشی ڕەتكردووەتەوە كە ئەمریكا و ئیسرائیل ئاڕاستەی كۆماری ئیسلامی دەكەن، بەوەی كەشتییەكی بازرگانیی ئیسرائیلي لە ئاوی كەنداو كردووەتە ئامانج، لەو بارەیەوە ڕەئیسی ڕایگەیاندووە، “ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەكی ڕاستیان نییە”.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەڕەنسا داوای لە ئێران كردووە، “لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاشتیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و كۆتاییهێنان بە قەیرانەكان، بگەڕێتەوە بۆسەر مێزی گفتوگۆ و بەڕێگەی ئاشتییانە و دانوستاندن هەموو كێشەكان چارەسەربكرێن”.