ماوەی یەك ساڵی تەواوە، كەسوكاری ئەو 200 كەسەی لە تەقینەوەكەی بەیرووت دا كوژران و زیاتر لە 300 هەزار كەسیش كە خانووەكانیان بەهۆی هەمان ڕووداوەوە ڕووخان، چاوەڕوانن ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان لە ڕووداوەكە ئاشكرابكرێت و وەك خۆیان دەڵێن “یاسا ڕێچكەی خۆی وەربگرێت و دادپەروەریی بەرقەرار ببێت”، كەچی هێشتا دۆسیەكە یەكلانەبووەتەوە و ئەوەش زیانلێكەوتووانی تووڕە كردووە و كاربەدەستان بە شاردنەوەی ڕاستییەكان تۆمەتباردەكەن.
ئاڵۆزیی ڕووداوەكە لەلایەك كە بەهۆی تەقینەوەی نزیكەی سێ تۆن نیتراتی ئەمۆنیۆم – كە لە ساڵی 2013ـەوە لە بەندەرەكەدا ئەمباركرابوو- سەرباری زۆریی ژمارەی قوربانییەكانیش لە لاكەی ترەوە، وایانكرد كە كاردانەوەكانی ڕووداوەكە بەرفراوان بوون، بەجۆرێك كە زیاتر لە خۆپیشاندانێكی لوبانییەكانی لێكەوتەوە و چەندین لایەنی نێودەوڵەتییش تێكەڵ بە دۆسیەكە بوون، لەوانە ڕێكخراوی “هیومەن ڕایتس وۆچ” كە داوایەكی بە نوێنەرایەتیی قوربانییەكانی تەقینەوەكە پێشكەش بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە و داوادەكات “نێردەیەكی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ و بێلایەن” پێكبهێندرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە.
ئەم پێشهاتەی كەیسەكە دوای ئەوە دێت كە لوبنانییەكان لە حكومەت و دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەكەیان بێئومێدبوون، ئەوان دەڵێن بێئومێدبوون لەوەی دەسەڵاتداران دادپەروەریی بەرقەراربكەن، چونكە دوای تەقینەوەكە بەڵێنیان دابوو لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا بەرپرسیاران و ئەوانەی كەمتەرخەمبوون ڕووبەڕووی دادگا بكەنەوە، كەچی دوای ساڵێك نەك ئەو كارەیان نەكرد، بەڵكو ڕێگرییش دەكرێت لەوەی لێكۆڵینەوەكان بە ئەنجام بگەیەندرێن، ڕێگرییەك كە وەك كەسوكاری قوربانییەكان و زیانلێكەوتووان جەختیلێدەكەنەوە، لەلایەن سیاسی و چینی سەرمایەداری لوبنانەوە دەكرێت، بۆ پەردەپۆشكردنی ڕاستییەكان و دیزەبەدەرخۆنەكردنی بابەتەكە.
یەكێك لە دەستوەردانەكانی كاربەدەستانی لوبنان لە لێكۆڵینەوەكان و ڕێگرییكردنیان لە ئاشكرابوونی ڕاستییەكان، بڕیارەكەی مانگی پێشووی وەزیری ناوخۆی لوبنان بوو، كاتێك داواكەی دادوەری ڕەتكردەوە و نەیهێشت بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایش ببرێتە دادگا و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت. بابەتەكە لەوەش ئاڵۆزترە، چونكە خەڵكی لوبنان دەڵێن، “گەورە كاربەدەستانی وڵات و تەنانەت میشال عەون-ی سەرۆك كۆماریش، لە ڕووداوەكە تێوەگلاون، چونكە ئاگاداری ئەوە بوون كە ئەو كەرەستانەی بوون بەهۆی ڕوودانی تەقینەوەكە، چەندین ساڵ بوو بەشێوەیەكی نادروست لە بەندەرەكەدا دانرابوون. بانگەشەیەك، كە ئاسۆی گومانەكان دەباتە ئاستێكی فراوانتر و شەقامی لوبنانیی زیاتر تووڕەكردووە.