بەرهەم ساڵح و كازمی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دووپاتدەكەنەوە

هەریەكە لە سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە وادەی خۆیدا دووپاتدەكەنەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغداد، هەریەكە لە بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی كۆبوونەوە و تاوتوێی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان كرد، بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆکراوە لەبارەی بارودۆخی سیاسی، ئەمنی، تەندروستی و ئابوریی وڵات، هەروەها سەرۆک وەزیران بەكورتی ئەنجامی سەردانە فەرمییەکەی بۆ ئەمریکا و دەرئەنجامەکانی دیالۆگی ستراتیژی بۆ سەرۆک کۆمار باسكرد.

“بەرهەم ساڵح-یش بەگرنگییەوە باسی لە یەکخستنی ھەوڵەکانی هێزە نیشتمانییەکانی کرد لەپێناو بەدیهێنانی سەقامگیری و بەھێزکردنی سەروەریی عێراق و پاراستنی بەرژەوەندی باڵای وڵات”، بەپێی ڕاگەیەندراوەكە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هاوڵاتییان و ڕیشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعش، کە لە ھەواڵدان سەقامگیری و ئارامی هەندێک ناوچە تێکبدەن، ھەروەھا ڕێگرتن لە هەوڵە تاوانکارییەکان، کە ئاسایشی هاوڵاتییان دەکاتە ئامانج و پێشکەشکردنی ھەموو پشتیوانییەک بۆ هێزە ئەمنییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، “لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا باس لە گرنگی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کرا و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دووپاتکرایەوە، ھەروەھا دابینکردنی گشت پێداویستییەکان، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لە قۆناغە جیاجیاکانیدا بەڕێوەبچێت دوور لە ساختەکاری و ھێنانەدی خواستی ڕاستەقینەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و زامنکردنی بەشداری بەرفراوانی خەڵک”.

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) ئیسپانیا و بەرازیل بۆ نیوەی کۆتایی ئۆڵۆمپیاد سەرکەوتن

بابەتی دواتر

ئەفغانستان.. پایتەختی هەرێمێك كۆنترۆڵكرایەوە و 131 چەكداری تاڵیبان كوژران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share