لەمساڵدا نزیكەی هەزار كۆچبەر گیانیان لەدەستداوە

ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی ڕایدەگەیەنێت، ژمارەی ئەو كۆچبەرە نایاساییانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیانلەدەستداوە بۆ نزیكەی 970 كەس بەرزبووەتەوە.

ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكە ئەمڕۆ بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانی كۆچبەرانی نایاسایی لە دەریای سپی ناوەڕاست ڕاگەیاند و ئاشكرایكرد لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا نزیكەی 970 كەس گیانیانلەدەستداوە، كە دواهەمینیان گیانلەدەستدانی لانیكەمی 57 كەسە لە نزیك كەناراوەكانی لیبیا تەنها لە دوێنێدا.

ڕێكخراوەكە دەڵێت، لەنێو قوربانییانی دوایین ڕووداودا 20 ژن و منداڵ هەن.

بەلەمەكەی كۆچبەران لە شاری خمس-ی لیبییەوە، كە 120 كیلۆمەتر لە تەڕابلوسی پایتەختەوە دوورە، بەڕێكەوتبوو، بەر لەوەی ڕوبەڕووی كێشە و دواتریش نقومبوون ببێتەوە.

بۆل دیۆن، وتەبێژ بەناوی ڕێكخراوی كۆچ ئاشكرایكرد، لەلایەن ڕاوچی و ئێشكگری كەناراوەكانی لیبیاوە 18 كەس ڕزگاركراون، بەڵام چارەنووسی 57 كەس نادیارە.

بەر لەو ڕووداوە پێنجشەممەی ڕابردوو 22ی تەمموز بەلەمێك كە ژمارەیەك كۆچبەری لە توركیاوە بەرەو ئیتاڵیا هەڵگرتبوو، كە بەشێكی بەرچاویان هاوڵاتیی كوردی هەرێمی كوردستان بوون، لە دوورگەی کریتی نوقم بوو، لەو ڕووداوەدا بەشێكی زۆری كۆچبەرانی سەرنشینی بەلەمەكە ڕزگاربوون، ژمارەیەكیشیان تائێستا بێسەروشوێنن.

پێشتر دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران ڕایگەیاند، “لە ڕووداوەکەی ڕۆژی پێنجشەممەی نزیک دورگەی کریتیدا ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی باشووری کوردستان ڕزگاریان بووە، کە 17 لەو کەسانە لەلایەن کەسوکاریانەوە لە دەزگای لوتکە تۆمارکراون و دوای بەدواداچوونی وردی دەزگاکە، هەواڵی سەلامەتییان دراوە بە کەسوکاریان”.

باسی لەوەشكردووە، “هەر لەو ڕووداوەدا 10 كۆچبەر بێسەروشوێنن کە دووانیان خەڵکی میسر و دانەیەکیان کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و حەوت كۆچبەریشیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستانن”.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەک: وەرگرتنی ژەمێکی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا و ژەمێکی فایزەر بەرگریی جەستە بەرزدەکاتەوە

بابەتی دواتر

ساختەكارێك 12 ساڵ خۆی وەك پزیشك دەناسێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share