هێزی ڕوسی گەیشتە کازاخستان.. ئەمریکا چاودێریدەکات

لە درێژەی نائارامییەکانی وڵاتی کازاخستاندا لە دوێنێوە تا ئێستا دەیان کەس کوژراون، ڕوسیا هێزی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کرد بۆ پاڵپشتیكردنی حکومەت و ئەمریکا چاودێریدەکات.

بەیانیی ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی ناوخۆی کازاخستان ڕایگەیاند، 26 ناڕازییان کوشتووە، کە ئەو بە “تاوانباری جەنگ” ناویهێناون، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا سێ هەزار کەس دەستگیرکراون.

ئەمڕۆ هەینی هێزی ڕوسی گەیشتە کازاخستان و بڕیارە پارێزگاری لە دامەزراوە حکومییەکانی ئەو وڵاتە بکات، ئەمریکاش دەڵێت، چاودێر دەبن بەسەر پێشێلکارییەکانی وڵاتی کازاخستانەوە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە خۆپیشاندان لە دژی گرانیی گاز و سووتەمەنی دەستیپێکردووە، دەیان کەس لە هێزە ئەمنییەکان و ناڕازییەکان کوژراون كە بە وتەی حکومەتی کازاخستان زیاتر لە 20 ئەندامی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.

چین و ڕوسیا و ئەمریکا چاویان لە نائارامییەکانی کازاخستانە

چین و ڕوسیا هەموو کارێک دەکەن، بۆ ڕاگرتنی سیستمی سیاسی لە کازاخستان، ئەگەریش چەند کەسێک بگۆڕێت، بەڵام وڵاتەکە وەک هاوپەیمانی ئەو دوو وڵاتە بمێنێتەوە.

کازاخستان یەکێکە لە وڵاتە کاریگەرەکانی ئاسیای ناوەندی، لە ئەگەری بوونی نائارامی و چەکهەڵگرتنی هێزە ناڕازییە ئیسلامییەکان، دوورنییە ڕۆژئاوا و ئەمریکا هاوکاریی گروپە چەکدارەکان بکەن، بۆ گۆڕینی سیستمی سیاسی لەو وڵاتە، چونکە ئێستا حکومەتەکەی “قاسم جومارت توکایڤ” لە بەرەی ڕوسیا و چینە، ئەگەر بەناچارییش بێت.

کازاخستان نزیکە لە هەناوی ڕوسیا و چینەوە، تاکە وڵاتی هاوبەشی نێوان ئەو دوو وڵاتە زلهێزەیە، ئەمریکاش بۆ ڕاکێشان و دروستکردنی هەژموونی خۆی لەو وڵاتە چاوی لەسەر نائارامییەکان و پشتگیریکردنی ناڕازییەکانە، بەڵام لەگەڵ دەستوەردانی سەربازیی ڕوسیا گۆڕینی سیستمەکە قورسدەبێت.

بابەتی پێشتر

گروپە چەکدارەکان ڤیدیۆی هێرشکردنەسەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریای ئەمریکییان بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

بەوێنە.. دەستگیرا بەسەر 310 سندوق گولـلەی دژەفڕۆكەدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share