وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی “خۆدزینەوە لە باج” زیاتر لە 20 کۆمپانیا دراونەتە دادگا.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا ئەمڕۆ 19ی تشرینی یەکەم دەڵێت، “لە هەنگاوێکی دیکەی چاکسازی بەهۆی نەدانی باج و خۆدزینەوە لە باجدان، بەڕێوبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری سەربە وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 20 کۆمپانیا دەداتە دادگا”.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمڕۆ بەرێوبەرایەتیی گشتیی باجەکان و خانووبەرەی میری زیاد لە 20 کۆمپانیای هەرێمی کوردستان بەهۆی خۆدزینەوە لە باج، دەداتە دادگایەکی تایبەت تاوەکو رێکاری یاسایان بەرامبەر بگیرێتەبەر”.
وەزارەتی دارایی هۆشداریداوە کە بۆ لەمەودوا هەر کۆمپانیا و کەس و لایەنێک خۆیان لە باجدان بدزنەوە، رێگای یاسایی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و بە توندترین شێوە ڕوبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە.