ئەرمینیا: تەرمی ئەو تیرۆریستانەمان لان كە توركیا ناردوونی بۆ قەرەباغ

نیكۆل باشینیان، سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا دەڵێت، “یەریڤان بەڵگەی یەكلاییكەرەوەی لایە كە چەكداری بیانی لە قەرەباغ دا هاوشانی هێزەكانی ئازەربایجان شەڕدەكەن.”

ڕۆژنامەی “كورێری دیلا سیرا”ی ئیتاڵی چاوپێكەوتنی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا دا كردووە و ئەمڕۆ یەكشەممە 18ی تشرینی یەكەم بڵاویكردووەتەوە، لە چاوپێكەوتنەكە دا باشینیان بەڵگەی بوونی چەكداری سوری لە قەرەباغ دەخاتەڕوو و دەڵێت، “تەرمی چەندین تیرۆریستمان لان كە توركیا لە سوریا-وە ناردوونی بۆ قەرەباغ بۆ ئەوەی هاوشانی هێزەكانی ئازەربایجان بجەنگن.”
نیكۆل باشینیان، سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا ئەوە دەخاتەڕوو كە چەند گرتەیەكی ڤیدیۆییان بەدەستگەیشتووە كە “چەكدارە بەكرێگیراوە سورییەكان لە بەرەكانی شەڕ دا لە قەرەباغ تۆماریانكردوون. ئەم بەڵگانە پێشتریش ڕوسیا و فەرەنسا و چەند وڵاتێكی تر سەلماندوویانن. ئامانجی توركیا ڕوونە، توركەكان دەیانەوێت كۆمەڵكوژكردنی گەلی ئەرمەن دووبارە بكەنەوە.”
سەرۆكوەزیرانی ئەرمینیا لە چاوپێكەوتنەكە دا ڕایگەیاندووە، “لە خۆم و كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەپرسم: چۆن ئاگربەست لەگەڵ ئەو تیرۆریستانەدا ڕابگەیەنین؟ ئێمە دەستدرێژییمان كراوەتەسەر و دەبێت وەك هەر گەلێك كە هەڕەشەی قڕكردنی لەسەرە، بەرگری لە خۆمان بكەین.”
لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی قەرەباغ-ـەوە لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دا، توركیا بە فەرمیی پشتیوانیی خۆی بۆ ئازەربایجان ڕاگەیاندووە، چەندین جاریش لەسەر ئاستی جیهان باس لەوە كراوە كە توركیا چەكداری لە سوریاوە ناردووە بۆ قەرەباغ بۆ ئەوەی هاوشانی هێزەكانی ئازەربایجان، شەڕی هێزەكانی ئەرمینیا بكەن، دوایینیان ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”ـی ئەمریكی بوو كە لە 13ی تشرینی یەكەم دا بڵاویكردەوە و ئاشكرایكرد، “سەدان ئەندامی گرووپە چەكدارە سورییەكانی هاوپەیمانی توركیا، بەشداریی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەكەن.”
لە ڕۆژانی ڕابردوو دا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، وتارێكی لە ئەنكەرە خوێندەوە و ڕەتیكردەوە چەكداریان ڕەوانەی قەرەباغ كردبێت و وتی، “پێمان دەڵێن چەكدارتان لە سوریا-وە ناردووە بۆ قەرەباغ، بەڵام ئەوەمان نەكردووە، ئەوان ناڕۆن بۆ قەرەباغ، لە وڵاتەكەی خۆیان كاری زۆریان هەن بیانكەن.”
بابەتی پێشتر

ئەوانەى موچەیان لێبڕاوە تووشى جەڵتەى دڵ و مێشک دەبن

بابەتی دواتر

ئێران دەیەوێت لە ساڵی ئایندەدا یەک ملیار دۆلار لە سوریادا خەرجبکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share