بەختیار عەلی لەبارەی بڕیارێکی وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

نوسەر و ڕۆشنبیری کورد، بەختیار عەلی سەبارەت بە بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەک لە وەزارەت بۆ بڕیاردان لە سپاردنی ژمارەی کتێب ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە زیندوکردنەوەی سیستمی سانسۆرە.

بەختیار عەلی، لە ڕونکردنەوەکەیدا دەڵێت، “وەک زۆربەی خوێنەران و نوسەران و ڕۆشنبیران ئاگادارن، لە چەند ڕۆژی ڕابوردوودا، بڕیارێک لە وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە دەرچووە، بە ڕوونی هەوڵێکی ڕاستەوخۆیە بۆ زیندووکردنەوە و سەپاندنەوەی سیستمی سانسۆر بەسەر کتێب و چاپەمەنیدا. ئەم بڕیارە و ئەو بەڵگانەی خراونەتە ڕوو بۆ جوانکردن و بە ئاسایی دەرخستنی، تەنیا دەمامکن بۆ شاردنەوەی جەوهەری نادیموکراتی بڕیارەکە”.

پێشتر وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم لە نوسراوێکدا ئاشکرایکردووە، لەمەودوا بۆ ژمارەی سپاردن لیژنەیەک لە وەزارەت دادەنیشێت و ئەو لیژنەیە بڕیار دەدات کە ژمارەی سپاردن بە کتێبی پێشنیازکراو بدرێت یان نە.

بەختیار عەلی لەسەر ئەو پرسە ئاماژە بەوە دەکات، “من خۆم وەک ناڕەزاییەک، لە چەند هەفتەی داهاتوودا کاتێک ڕۆمانە نوێیەکەم چاپدەکەم، بۆ یەکەم جار بەبێ وەرگرتنی ژمارەی سپاردن چاپی دەکەم و لە جێگای ژمارەی سپاردن تێکستی دژ بە سانسۆر و سەرکوتی فیکری دەنوسم. هیوادارم ناچار بە کاری وانەبین و بڕیارەکە زوو بدڕێنرێت و بخرێتە سەتڵی خۆڵەوە، بە هیوام ئەوانەشی لە پشتی ئەم بڕیارەوەن تێبگەن کوردستان لە کێشە و گرفتی کەم نییە تا داهێنان لە دروستکردنی کێشە و گرفتی تازەدا بکەن، لەوەش دڵنیابن ئەم بڕیارە هیچ مانایەکی نییە و ناتوانێت ڕێگا لە یەک وشە بگرێت بگاتە خوێنەران.

لە کۆتاییدا بەختیار عەلی وتویەتی “لە ڕاستیدا قسە ئێجگار زۆرە بکرێت، بەڵام لە ئێستادا ئاواتەخوازم بڕیارەکە هەڵبوەشێتەوە، چونکە بەرپرسان لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەبێت لەوە دڵنیابن، دامەزراندنەوەی سیستمی سانسۆری دەوڵەتی بەو مۆدێلە کلاسیکییەی زەمانی بەعس، وەک ئەوان بیری لێدەکەنەوە، خەیاڵێکی منداڵانە و ناتەندروستە، سانسۆر جارێکی تر ناگەڕێتەوە بۆ کوردستان. سانسۆر و ئەو عەقڵییەتەشی بڕوای پێیەتی جێگایان وەزارەتی ڕۆشنبیریی نییە، بەڵکو جێگایان مۆزەخانەکانە”.

نوسراوەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم

بابەتی پێشتر

بەریتانیا ئاسەوارێكی تەمەن 4 هەزار ساڵ بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە

بابەتی دواتر

ژمارەیەك دەریای داپۆشراو لەسەر هەسارەی مەریخ دۆزرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share