چەند ڕۆژێكە نرخی بەنزین لە چەند بەنزینخانەیەكی هەولێر دابەزیوە، هەنگاوەكە پەیوەندیی بە كۆمپانیایەكی سوتەمەنییەوە هەیە و توانای پاڵاوگەكانی زیاترە لەو پاڵاوگەیەی سوتەمەنی بۆ سلێمانی دابیندەكات، بۆیە دابەزینی نرخی بەنزین لە سلێمانی لەسەر لابردنی گومرگ وەستاوە و بەهەمان ڕێكارەكەی هەولێر ناتوانرێت بكرێت.
لە بارەی جیاوازیی نرخی بەنزین لە بەنزینخانەکانی هەولێر و سلێمانی، بەهمەن شێخ قادر وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “گرانی بەنزین پەیوەندی بە کۆمەڵێک هۆکارەوە هەیە کە سەرتاسەرین لە هەرێمی کوردستان و ناکرێت لە شوێنێک هەرزانتر بێت، ئەوەی لە هەولێریش هەیە نوێ نییە، هەر لەسەرەتای گرانبوونی بەنزینەوە کۆمپانیای (کار گروپ) بە نرخێکی کەم بەنزینی داوە بەو بەنزینخانانە و ئەوانیش بە هەرزانتر لە شارەکانی دیکە فرۆشتوویانە”.
ئاشكرایكرد، ئەو بەنزینخانانەی هەولێر كە هەرزانتر بەنزین وەردەگرن و دەفرۆشنەوە 28 دانەن، “لەلایەن کار گروپەوە بە 640 دینار بەنزینیان پێدەدرێت و ئەوانیش بە 660 دەیفرۆشن”، بۆیە کارەکە پەیوەستە بەو كۆمپانیایەوە، نەک بڕیاری فەرمی و ئیداری.
بەهمەن شێخ قادر لە وەڵامی ئەوەی بۆچی لە سلێمانی ئەو کۆمپانیایەی سوتەمەنی دابیندەکات ناتوانێت هەمان هەنگاو بگرێتەبەر؟ وتی، “لە سلێمانی پاڵاوگەی بازیان سوتەمەنی دابیندەکات، پاڵاوگەکە تواناکانی بەراورد بە کار گروپ زۆر کەمترە، توانای کار گروپ سێ هێندەی پاڵاوگەی بازیانە، بۆیە لە سلێمانی هەنگاوی لەو جۆرە قورس دەبێت”.
وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی ئاشكرایكرد، بڕیارە لە دوای جەژن گومرگی سەر بەنزین هەڵبگیرێت، یان کەمبکرێتەوە، بەمەش نرخی بەنزین و سوتەمەنی بەگشتی کەمدەبێتەوە.