هاوشێوەی دەستوورە.. ڕۆژئاوای كوردستان “پەیمانی كۆمەڵایەتی” هەمواردەكاتەوە

مەبەست لەو هەنگاوە “بەرجەستەكردنی دیموكراسیەتی زیاترە”

خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای كوردستان بڕیاریداوە “پەیمانی كۆمەڵایەتی” هەمواربكرێتەوە و مەبەست لەو هەنگاوەش “بەرجەستەكردنی دیموكراسیەتی زیاترە”.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڕیاریدا پەیمانی كۆمەڵایەتی هەمواربكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەكی بەرفراوان پێکهێندراوە، كە نوێنەرانی چین و توێژەكانی كۆمەڵگا تێیدا ئەندامن.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز نزیك لە پەكەكە بڵاویكردوەتەوە، “هەمواركردنەوەی پەیمانی كۆمەڵایەتیی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ئامانجی پەیڕەوكردنی بەرزترین ئاستی دیموكراسی و دەستنیشانكردنی كەموكورتییەكانە”.

بەپێی ئەو بەرنامەیەی بۆ هەمواركردنەوەی پەیمانەكە دانراوە، دەبێت لەماوەی دوو مانگی دیكەدا بنووسرێتەوە و تەواوبكرێت.

بۆ یەكەمجار لە 21ی كانونی یەكەمی 2014 بە بەشداری (كورد، عەرەب، چەرکەس، ئەرمەن، سوریانی، تورکمان و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا) لە ڕۆژئاوای كوردستان پەیمانی کۆمەڵایەتی نوسرایەوە و بوو بە بناغەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی لەو بەشەی كوردستان.

لە 29ی كانونی یەكەمی 2016 پەیمانەكە هەمواركرایەوە و ئەم هەنگاوەی ئێستاش دەبێتە دووەم هەموار.

پەیمانی كۆمەڵایەتی لە 94 ماددە پێکدێت، یەكێك لە بڕگە و ماددە جیاوازەكانی ئەوەیە، کە خۆبەڕێوەبەری پابەند دەکات بە بەشداریی ژن بەڕێژەی 50٪، واتە هاوسەنگیی تەواوی ڕەگەزی دەپارێزێت.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دادگای سلێمانی ڕوونکردنەوەیەک بۆ ڕایگشتی بڵاودەکاتەوە

سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕەتیدەکاتەوە لەسەر دۆسیەیەک دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/4 دوورخرابێتەوە. سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی…
Total
0
Share