جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لەگەڵ بازرگانانی سلێمانی کۆبووەوە و ڕایگەیاند، لەمەودوا بازاڕ ئازادتر دەبێت و كێبڕكێی تەندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی دەستەبەردەكەین.
لە کۆبوونەوەکە كە ئەمڕۆ چوارشەممە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لە گرنگی كەرتی تایبەت كرد و ڕایگەیاند، حكومەت كارئاسانی دەكات بۆ ئەوەی كەرتی تایبەت بەھێزتر بێت و ھاوكاربێت لەگەڵ كەرتی گشتی لە ڕەخساندنی ھەلی كار و بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری.
باسی لەوەشكرد، “چیتر ھیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە دەستوەردان بکات لە كاروباری بازرگانی و بازار قۆرخ بكات، ئاماژەی بەوەشدا ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان دابینکردنی ئارامی و پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانە و دەبێت خۆیان لە سیاسەت و ھەر بابەتێكی تر بە دوور بگرن.”
لەبەشێكی تری قسەكانیدا قوباد تاڵەبانی ڕوونیشیكردەوە، دەبێت فەرمانگەكانی حكومەت كارئاسانی بكەن لەپێناو ڕاییكردنی كاروباری بازرگانان، ئەوانیش وەك حكومەت بازاڕ ئازادتر دەكەن و كێبڕكێیەكی تەندروست بۆ جموجۆڵی بازرگانی و بازرگانان دەستەبەردەكەن.
ھەروەھا ئاماژەی بەكەمكردنەوەی ڕۆتین كرد و پلانی حكومەتی بۆ نەھێشتنی ڕۆتین لەڕاییكردنی كاروباری بازرگانان و ھاوڵاتیان بەشێوەیەكی گشتی ڕوونکردەوە و وتیشی دەسەڵاتەكان شۆڕدەكرێتەوە بۆ پارێزگا و بەڕێوبەرایەتییەكان بۆ ئەوەی ڕۆتین كەمبكرێتەوە و باشتر خزمەتی ھاوڵاتیان بكرێت.
لای خۆشیانەوە بازرگانان باسیان لە گرفت و لەمپەرەكانی كاركردنی خۆیان كرد و جێگری سەرۆك وەزیران دڵنیایی كردنەوە كە ئیتر ڕێگرییان لێناكرێت.