سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی ڕەتیدەكاتەوە هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی موچە نەگەڕانەوەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی بێت، دەڵێت، تا ئێستا بەشێك لە داهاتی نەوت نەگەڕاوەتەوە (RT) بانك، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی دەبێت هەولێر و دهۆك دابینی بكەن، نەگەیشتووەتە بانكەكان.
سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی هۆكاری دواكەوتنی دابەشكردنی موچە ڕووندەكاتەوە، وەڵامی ئەو كەس و لایەنانە دەداتەوە كە ئۆباڵی دواكەوتنی موچە دەخەنە ئەستۆی نەگەڕانەوەی داهات لە سلێمانییەوە، بەڵام سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی چەندین هۆكاری دیكەی باسكردووە.
بەپێی ڕوونكردنەوەی سەرچاوەكە، تا دوێنێ یەكشەممە بەشێك لە پارەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێم نەگەیشتوەتە (RT) بانك، هەروەها ئەو بڕە پارەیەی دەبێت هەولێر و دهۆك دابینی بكەن بۆ موچە، تا دوێنێ نەگەیشتوەتە بانكەكان.
هەروەها سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی ئەوەشی ئاشكراكردووە، دوێنێ یەكشەممە بڕێك پارەی داهاتی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گواستراوەتەوە بۆ هەولێر بۆ گۆڕینەوەی بە دینار.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی ڕوونیشیكردووەتەوە، بۆ مانگی شەش تا ئێستا تەنها سلێمانی 100 ملیار دیناری وەك داهاتی دابینكراو بۆ موچە ناردووە، لە مانگەكانی پێشووی ئەمساڵیشدا مانگانە پارەی بۆ دابینكردنی موچە ناردووەتەوە، كە بە پێنج مانگ، نزیكەی 666 ملیار دینار نێردراوەتەوە.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی ڕوونیشیكردووەتەوە، موچەی تەواوی سنوری سلێمانی 288 ملیار دینارە و هەندێك جار زیاتر لە نیوەی موچەی سنورەكە، لە داهاتی ناوخۆیی دابینكراوە.