توركیا لە ئەمریكا نیگەرانە
دوای دانانیەتی لە لیستی وڵاتانی تێوەگلاو لە بەسەربازكردنی منداڵان

یەكەمین جارە ئەمریكا وڵاتێكی هاوپەیمانی لەنێو هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بخاتە ناو لیستەكەوە

توركیا نیگەرانە لەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خستویەتیە لیستی ئەو وڵاتانەوە، كە تێوەگلاون لە بەسەربازكردنی منداڵان، ئەمەش بەهۆی پەیوەندی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە بە گروپی (فیرقەی سوڵتان موراد)ی چەكدار لە سوریا.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕۆژی پێنجشەممە ڕاپۆرتێكی لەژێر ناونیشانی (بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە ساڵی 2021)دا بڵاوكردەوە و تیایدا دەڵێت، توركیا خراوەتە لیستی وڵاتانی تێوەگلاو بە بەكارهێنانی منداڵان وەك سەرباز.

لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی توركیا لە بەیاننامەیەكدا تۆمەتەكانی ئەمریكای لەبارەی دانانی وڵاتەكەی لەو لیستەدا ڕەتكردەوە.

ئەنقەرە پێی وایە لەم بابەتەدا واشنتن سیاسەتی دووفاقی پەیڕەوکردووە، “لەبری ئەوەی پەکەکە و پەیەدە بخاتە لیستی ئەوانەی منداڵان چەکدار دەکەن، بەبێ بنەما تورکیا دەخاتە ئەو لیستەوە”.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، “توركیا پشتیوانیی ڕوون” پێشكەشی (فیرقەی سوڵتان موراد) لە سوریا دەكات، كە گروپێكی بەرهەڵستكاری چەكدارە و ئەنقەرە ماوەیەكی درێژە پشتگیریی دەكات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت، گروپەكە منداڵانی بەسەرباز كردووە و بەكاریهێناون.

یەكەمین جارە ئەمریكا وڵاتێكی هاوپەیمانی لەنێو هاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بخاتە ناو لیستەكەوە، كە گومان دەكرێت ببێتەهۆی زیادبوونی ناكۆكییەكانی ئێستای نێوان هەردوو وڵات.

هاوكات بەرپرسێكی دیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا وتی، توركیا پەیوەندی بە سەربازكردنی منداڵان لە لیبیا-ش هەیە، ئەوەشی خستەڕوو، ویلایەتە یەكگرتووەكان خوازیارە كار لەگەڵ لایەنی توركیدا بكات بۆ چارەسەری ئەم پرسە.

ئەو وڵاتانەی دەخرێنە ناو لیستەكەوە ڕوبەڕووی كۆتوبەند و سنووردانان دەبنەوە لەڕووی هاوكاری لەبواری زامنی ئاسایش و دەركردنی ڕێگەپێدانی بازرگانی بۆ فرۆشتنی هەندێك كەلوپەلی سەربازی.

لە ساڵی 2016وە توركیا سێ پرۆسەی سەربازیی لە ڕۆژئاوای كوردستان و باكووری سوریا ئەنجامداوە، كە هەریەك لە پارێزگاكانی حەلەب و ڕەققە و حەسەكەی گرتووەتەوە.

توركیا لەم هەڵمەتانەیدا گروپە چەكدارە سورییەكانی بەكارهێناوە كە لەلایەن ژمارەیەك لە ڕێكخراوە مرۆڤدۆستەكان و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بە ئەنجامدانی پەلاماری هەڕەمەكی بۆسەر كەسانی مەدەنی و ئەنجامدانی ڕفاندن و تاڵانی تۆمەتباردەكرێن.

لای خۆیەوە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای لە توركیا كرد ڕێگری لەو گروپانە بكات، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە تۆمەتەكەیان ڕەتكردەوە و بێ بەڵگە ناویانبرد.

هەروەك توركیا ڕۆڵی گەورەی گێڕا لە شەڕی لیبیا دوای بڵاوەپێكردنی هێزی سەربازی بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی سازانی نیشتمانی، دەسەڵاتی پێشووی تەڕابلوس، لە بەدەستهێنانی سەركەوتنی گەورە لە ساڵی 2020دا بەسەر دوژمنەكەی (سوپای نیشتمانیی لیبیا).

س: ئاژانسەكان

بابەتی پێشتر

پەیەدە وەڵامی دژەتیرۆری پارتی دەداتەوە: ڕاگەیەندراوەكەتان حەقیقەتی دامەزراوەكە نیشاندەدات

بابەتی دواتر

سبەی موچەی وەزارەتێك و دوو توێژ دابەشدەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share