وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، هەوڵی ئەوە دەدەن لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا بڕی چوار ملیار پێ سێجا گاز بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا بەرهەمبهێنن .
حامید زوبعی وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند، عێراق ئامانجێتی تاساڵی 2024 نزیکەی چوار ملیار پێ سێجا گاز بەرهەمبهێنێت، کە دەکاتە بەرهەمهێنانی بڕی 10 هەزار مێگاوات کارەبا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆزینەی گازی نوێ و بەرهەمهێنانی زیاتر گاز وادەکات لە ساڵانی داهاتوودا بڕی گازی هاوردەکراو کەمبکەینەوە.
وتەبێژی وەزارەتی نەوت دەڵێت، عێراق خاوەنی بڕی 131 تریلیۆن پێ سێجا گازی گەنجینەکراوە، لەگەڵئەوەشدا ڕۆژانە 700 ملیۆن پێ سێجا گاز دەسوتێت لەبەرئەوەی لەساڵانی ڕابردوودا نەتوانراوە سودی لێوەربگیرێت.
لەسەرەتای ئەم مانگەدا لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا 18 ملیار پێ سێجا گاز سوتاوە بەبێئەوەی سودی لێوەربگیرێت، دواشیان لە حکومەت کرد هەوڵی سودوەرگرتن لەو گازە بدەن چونکە سامانێکی سروشتیی بەنرخە و هیچی کەمترنییە لە نەوت.