وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێم، لەبارەی 100 هەزار دینارەکەی خانەنشینان زانیاریی نوێ دەخاتەڕوو.
سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێم، بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “داوا لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی 100 هەزار دینارەکە بۆ خانەنشینان بگەڕێندرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری تەواوەتی نەدراوە و هیچ ئاسۆیەکی روون لەو بارەیەوە نییە”.
وتیشی، خانەنشینانی هەرێم چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراقن بۆ ئەوەی ئەو پارەیەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە.
رۆژی 24ی ئۆکتۆبەری 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 100 هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانە زیادبکات کە مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە.
دواتر بڕیارەکە خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە و ساڵی رابردوو ئەو 100 هەزار دینارەیان پێدرا، بەڵام هەر زوو بڕیارەکە هەڵوەشایەوە.