ئاسایشی سلێمانی: باندێک بە تۆمەتی دزینی دوو پەرتوكی مێژوویی ئاینی دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی باندێکی دزینی شوێنەواریان دەستگیرکردووە، کە دوو پەرتوكی مێژوویی تایبەت بە ئاینی مەسیحی و جوو-یان دزیوە و نرخەکەیان دەیان هەزار دۆلارە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردەوە، بۆ ڕێگریکردن لە هەموو جۆرە مامەڵە و کڕین و فرۆشتنێک بە کەلوپەلە شوێنەوارییەکان و لە هەوڵەکانی تیمەکانی ئاسایشدا، توانیویانە باندێکی دزیکردن دەستگیر بکەن و دەستیان بەسەر دوو کتێبی بەنرخی مێژووییشدا گرتووە.

ئەندامانی باندەکە بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی سلێمانی پێنج کەس بوون، سیانیان خەڵكی سلێمانی بوون، یەكێكیان خەڵكی هەولێر و ئەوەی دیكەشیان خەڵكی دیالە بووە.

باندەکە بەتۆمەتی دزین و مامەڵەکردن بە دوو پەرتوکی کۆنی مێژووی، کە نرخەکەیان دەیان هەزار دۆلار بووە، دەستگیرکراون، پەرتوکەکان تایبەت بوون بەهەردوو ئاینی مەسیحی و جوو، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستا.

ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەکردووە، ئەو دوو پەرتوکە ئینجیل و تەورات بوون لەسەر پێست و بە ئاوی ئاڵتون نوسراون و لە خوارووی عێراقەوە پەرتوکەکانیان هێناوە و ویستوویانە بینێرنە دەرەوەی وڵات.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی سلێمانی، سەرجەم تۆمەتبارەکان بەپیی ماددەی 60ی شوێنەوار دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.

لە هەفتەی ڕابردووشدا پۆلیسی بەغداد دەستگریکردنی باندێکیان ڕاگەیاند، کە پەرتوکی مێژووی ئەستێرەی داوودیان دزیبوو.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share