پۆلیسی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، هێزەكانیان شەش تۆمەتباریان دەستگیركردووە كە حەپ و ماددەی هۆشبەریان پێبووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە هێزەكانی پۆلیس كە سێ تۆمەتبار ماددەی هۆشبەریان پێیە و بەكارهێنەری ئەو مادانەن، بنكەی پۆلیسی سەرچنار ڕاسپێردرا تا لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنیان ئەنجامبدەن، سەرئەنجام هەریەك لە تۆمەتباران (ك.ح.أ.) لەدایكبووی 1983، (ع.ح.د) لەدایكبووی 1994 و (ك.م.م.) لەدایكبووی 1983 لەناو شاری سلێمانی لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیركران.
دەشڵێت، لەكاتی دەستگیركردنیاندا دەستگیرا بەسەر بڕێك حەپ و ماددەی هۆشبەردا.
“دوای لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس، دەركەوت تۆمەتباران بەڕەگەز ئێرانین و دانیشتووی قەزای دووكانی سەر بە پارێزگای سلێمانین و سێ تۆمەتباری دیكەیان لەگەڵدا بووە” وەك ئەوەی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی پێداوە و دەڵێت، بەشی پۆلیسی دووکان و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتنی دووکان گەڕان و پشكنینیان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتباران كرد و هەریەك لە تۆمەتباران (أ.ح.) لەدایكبووی 1987، (ب.ح.) لەدایكبووی 1985 و (پ.م.) لەدایكبووی 1981 دەستگیركران و دەستیشگیرا بەسەر بڕێك حەبی بێهۆشكەر و ماددەی هۆشبەر لەجۆری حەشیش.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی پۆلیسی سلێمانی لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە و بەپێی ماددەی 14ی ماددە هۆشبەرەكان ڕاگیراون.