پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ئاشكرایدەكات درێژكردنەوەی ئەم خولەی كارەكان و گفتوگۆكردن لەبارەی موچەوە لە بەرنامەی كاری دانیشتنەكەدایە.

دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ شەممە بڕیاریدا به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی ژماره‌ (16)ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، له‌ كاتژمێر 11:00ی پێشنیوه‌ڕۆى ڕۆژی دووشەممە ڕێكه‌وتی 28ی حوزەیران به‌مشێوه‌یه‌ بێت:

یەكەم: درێژكردنەوەی ویلایەتی (سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان) بۆ ماوەی (4) ساڵ، كە لەڕۆژی تەواوبوونی ماوەی خولی یەكەمیەوە دەستپێدەكات.

دووەم: خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەم پڕۆژە و پێشنیازەیاسایانەی خوارەوە:
1- پرۆژەیاسای (نیشان و میدالیا لە هەرێمی کوردستان-عێراق).
2- پڕۆژەیاسای (کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لە هەرێمی کوردستان-عێراق).
3- پرۆژەیاسای (بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆو و شەتڵ و تۆماركردن و پەسەندكردن و پارێزگاریكردن لە تەرزە كشتوكاڵییەكان لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
4- پێشنیازەیاسای هەمواری (یاسای چاودێریی ناكامەكان ژمارە (78)ی ساڵی 1980ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان-عێراق).
5- پێشنیازەیاسای هەمواری (یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە (76)ی ساڵی 1983 و هەموارەکانی لە هەرێمی کوردستان).
6- پێشنیازەیاسای هەمواری (یاسای بزربووەکان لەهەڵمەتەکانی لەناوبردنی بەکۆمەڵی گەلی کوردستانی عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 1999).
7- پێشنیازەیاسای هەمواری دووەمی (یاسای دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 2011).
8- پێشنیازەیاسای (گەشتوگوزار لەهەرێمی كوردستان-عێراق).

سێیەم: درێژكردنەوەی (خولی بەهارە)ی ساڵی سێیەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ماوەی (30) ڕۆژ، بەپێی حوكمی بڕگەی (چوارەم)ی ماددەی (7) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

چوارەم: خستنەڕوو و گفتوگۆكردنی (چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی موچە و هۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و کەموکوڕیی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ) بەئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەپێی حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (66) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان.

پێنجەم: خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ ئەم پرۆژەیاسایانەی خوارەوە به‌پێی حوكمی مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.
1- پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت ژمارە (22)ی ساڵی 2011 لە هەرێمی كوردستان -عێراق).
2- پڕۆژەیاسای (بەركاركردنی یاسای ڕەسمی پولی عێراق ژمارە (71)ی ساڵی 2012 لە هەرێمی كوردستان -عێراق).
3- پڕۆژەیاسای بەركاركردن و هەمواری یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردوو كەرتی تایبەت و تێكەڵاو، ژمارە (20)ی ساڵی 1998ی هەمواركراو).

شەشەم: خستنەڕووی بیرۆكەی ئەم پەرلەمانتارانەی خوارەوە، بەپێی حوكمی خاڵی (2)ی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (49) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان:
1- بیرۆكەی پەرلەمانتار (عەبدولستار مەجید قادر) سەبارەت بە (دۆزینەوەی هەلی كار لەڕێگای بەگەڕخستنەوەی كارگەكان).
2- بیرۆكەی پەرلەمانتار (عوسمان عەلی سمایل) سەبارەت بە (لەپێناو پاراستنی ژینگەی شارو شارۆچكەكانی كوردستان هەوڵێك بۆ ڕێسایكلینی خاشاك).
3- بیرۆكەی پەرلەمانتار (زێدان رەشید خان اودل) سەبارەت بە (پرسی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی).
4- بیرۆكەی پەرلەمانتار (شایان كاكە صالح) سەبارەت بە (ڤایرۆسی نەخۆشيی كۆڤید-19).

بابەتی پێشتر

کەرکوک.. منداڵێکی ساوای فڕێدراو دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

بەئەنقەست كردوویەتیەوە.. ئەو تۆمەتبارەی ئاگرەکەی گۆیژەی کردبووەوە دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share