بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی لەسەر ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی گەڕەکی سەرچنار ڕایگەیاند، “شۆفێرێک پابەند نەبووە بەڕێکار و رێنماییە ياساييەكان و پاش گرفت دروستکردن، ھێزێکی چەکدار بەشێوازێکی دەرچوون لە یاسا بەکاردەھێنێت و ھەڵدەکوتنە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی لەئەرکدا بوون”.
لە ڕوونکردنەوەکەی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، “کاتژمێر 11:30 خولەکی شەو، ھێزەکانمان بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکان لە لیژنەی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، لەئەرکێکی رەسمیدا بوون، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی شارەکەمان لەسەر شەقامی جەواھیری لەگەڕەکی سەرچنار، لەوکاتەدا شۆفێرێک پابەندنابێت بە ڕێکار و ڕێنماییە ياساييەكان و پاش گرفتدروستکردن، ھێزێکی چەکدار بەشێوازێکی دەرچوون لە یاسا بەکاردەھێنێت و ھەڵدەکوتنە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی لەئەرکدا بوون، بەتەقەکردن ڕوبەڕووی ھێزە ھاوبەشەکە بوونەوە و سەرئەنجام شەش کارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و كارمەندێکی هێزەكانى فرياكەوتنى بەڕێوەبەرایەتیی پۆليسى سلێمانى برينداربوون”.
ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئێمە لەکاتێکدا ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارانی ئەم ڕووداوە نەخوازراوە دەخوازین، ڕێوشوێنە یاسییەکان بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە جێدەھێڵین و ھەموولایەک دڵنیادەکەینەوە ھەرگیز دەستبەرداری ئەرکی نیشتمانیی خۆمان نابین لەپاراستنی سەروماڵی ھاوڵاتییان و ئارامیی شار، لەو پێناوەشدا ئامادەی ھەموو قوربانییەکین”.