کەشناسیی هەرێم لە یەكەم ڕۆژی هاویندا: پێشبینی زۆر دووبارەبوونەوەی شەپۆلەکانی گەرما دەکرێت

کەشناسیی هەرێم ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما دەبەستێتەوە بە چەندبارەبوونەوەی شەپۆلەكانی گەرماوە، “بەڵام تائێستا پلەکانی گەرما بەراورد بە ساڵانی پێشوو ئاسایین”.

ئەمڕۆ یەكەم ڕۆژی وەرزی هاوینە، بژار ئەکرەم لێپرسراوی بەشی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی هەرێم، لەبارەی پێشبینییەكانیان بۆ پلەكانی گەرما لە هاوینی ئەمساڵدا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا كرد، ڕایگەیاند، پێشبینییەکانی کەشوهەوا و ئەگەری بەرزنربوونەوەی پلەكانی گەرما بۆ هاوینی ئەمساڵ، دەکەوێتە سەر چەندبارەبوونەوەی شەپۆلەکانی گەرما، چونکە هەر شەپۆلێکی گەرما چەند دووبارە ببێتەوە، پلەکانی گەرما زیاتر بەرزدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەمڕۆوە، کە یەکەم ڕۆژی وەرزی هاوینە، شەپۆلەکانی گەرما زیاتر چالاک دەبن، ئەوەش وادەکات زیاتر پلەکانی گەرما بەرزببنەوە، وتیشی، “هەرکاتێک پلەکانی گەرما لە ناوەندی شارەکاندا گەیشتنە سەروو 46 پلەی سیلیزی، ئێمە دامودەزگاکان و هاوڵاتییان لە مەترسییەکانی ئاگاداردەکەینەوە”.

چەند ڕۆژێكە پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان بەرزتر بوونەتەوە، بەڵام بەرپرسەكەی كەشناسیی هەرێم ڕایگەیاند، “ئێستا گەرمای ناوچەکانی ئێمە بەجۆرێک نییە هاوڵاتییان تووشی حاڵەتی لەناکاو بکات، تائێستا ناتوانرێت بوترێت هاوینێکی گەرمتر و نائاساییتر لە ساڵانی ڕابردوو تۆماردەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشبینی زۆر دووبارەبوونەوەی شەپۆلەکانی گەرما دەکرێت، کە ئەمە پیشاندەری هاوینێکی گەرم دەبێت”.

 

بابەتی پێشتر

دادگای دەستووریی تورکیا دۆسیەی داخستنی هەدەپەی وەرگرت

بابەتی دواتر

یەکێتیی ئەوروپا ترسی هەیە ڕەئیسی ڕێگری بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دروستبکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share