جێبەجێكردنی یاسای بودجە دەستپێدەكات.. بەغداد مانگانە 200 ملیار دینار بۆ هەرێم دەنێرێت

بڕیارە بەغداد مانگانە بڕی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر دراوە، مەرجەكانیشی ئاشكرادەكات.

ڕێبوار كەریم، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی هیوا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، حكومەتی عێراق بڕیاریداوە بە خەرجكردنی 200 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، دوای وردبینیكردنی داتا و ئامارەكانی نەوت و داهاتی نانەوتی.

وتیشی، “پارەكە لە مانگی كانونی یەكەمەوە خەرجدەكرێت، مەرجەكەشی ئەوەیە پاش پێداچوونەوە بێت بە داتا و ئامارەكان و تەنها بۆ موچە خەرجبكرێت”.

ئەو پرسە لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا بڕیاری لەسەر دراوە، هاتنی شاندەكانی چاودێری دارایی و بانكی (TBI) بۆ هەرێم و وەرگرتنی داتا و زانیارییەكان ڕۆڵی تیایدا هەبووە، وەك ئەوەی پەرلەمانتارە كوردەكە ئاماژەی پێدا.

هاوكات ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، دیوانی چاودێریی دارایی حكومەتی ناوەند لە هەولێرن، كارەكان بەشێوەیەكی ئیجابی بەڕێوەدەچن و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم هەماهەنگی تەواویان دەكەن.

وتیشی، “وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوت هەماهەنگی لەنێوانیاندا هەیە داتاكانی تایبەت بە نەوتی هەرێمیان ڕادەستكراوە، شاندی بانكی بازرگانییەكانیش ئەوەی ڕێگری هونەری بوو ئەوەش لە چارەسەركردندایە، هەموو ئەوانە دەبنە كارئاسانی بۆ جێبەجێكردنی یاسای بودجە”.

بابەتی پێشتر

"ئەندامانی شاندی ئاشتی گەڕانەوە ئەڵمانیا"

بابەتی دواتر

عێراق کۆمپانیای ڕووس ئەتۆم-ی بۆ بونیادنانی وێستگە ئەتۆمییەکانی دیاریکردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share