بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان و وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم، لەسەر چاکسازی و پرسی موچە کۆببنەوە.
پێشتر 57 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان داوایانکردبوو حکومەت ئامادەی کۆبوونەوەیەكی پەرلەمان بێت لەسەر پرسی بەردەوامیی لێبڕینی موچە.
شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “ئێمە داوامان کردبوو حکومەت خۆی ئامادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان بێت لەسەر پرسی موچە، بۆیە پێم وایە هاتنی وەزیری دارایی بۆلای لیژنەی دارایی چارەسەر نییە”، بۆیە شێرکۆ جەودەت كۆبوونەوەكەی بایكۆت كردووە.
بڕیارە ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم ڕوونکردنەوە بدات لەسەر ڕەوتی جێبەجێكردنی یاسای چاکسازی و هەروەها پرسی موچە.
ماوەی سێ مانگە پەرلەمانی کوردستان داوای ڕوونکردنەوە لە بەردەوامی لێبڕینی موچە دەکات و داواكرابوو حكومەت بێتە پەرلەمان و لەوبارەیەوە گفتوگۆ بكەن، لەكاتێكدا تا ئێستا لێبڕینی موچە بەردەوامە و تەنانەت ماوەی دابەشكردنی موچەش درێژتر کراوەتەوە.