پۆمپەیۆ لە بەهای ‘موشەكە ترسێنەرەكە’ كەمدەكاتەوە

موشەكە كیشوەربڕەكەی كۆریای باكوور

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە بەهای ئەو موشەكە بالیستییە كیشوەربڕەی كەمكردەوە كە بەمدواییە لەلایەن كۆریای باكوورەوە خرایەڕوو و ڕایگەیاند، ئەو ڕێككەوتنانەی دۆناڵد ترەمپ ئەنجامیداوە سەركەوتوو بووە لە كەمكردنەوەی مەترسییەكان.

شەممەی ڕابردوو لە نمایشێكی سەربازیدا كە لە پیۆنگ یانگ ئەنجامدرا، موشەكێكی بالیستیی گەورەی كیشوەربڕ نمایش كرا، كە بەپێی شارەزایان گەورەترین موشەكە لەسەر ئاستی جیهان كە بە وزەی شل كاربكات و بتوانرێت لەسەر ڕێگا بگوازرێتەوە.

بەڵام مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوی ئەمریكا دوێنێ چوارشەممە 14ی تشرینی یەكەم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە واشنتن ڕایگەیاند، تەنها تاقیكردنەوەكان دەتوانن كاریگەریی موشەكەكە دووپاتبكەنەوە.

وتیشی، “بەڵام كۆریای باكوور ساڵی ڕابردوو و ساڵی پێشتریش هیچ موشەكێكی بالیستی تاقی نەكردووەتەوە”.

پۆمپەیۆ، كە بە ڕێكخەری دیدارە مێژووییەكەی نێوان دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا و كیم جۆنگ ئون-ی سەرۆكی كۆریای باكوور لە ساڵی 2018 دادەنرێت، ئەوەی وت، “ڕێككەوتن و لێكتێگەیشتنەكان، سەرەڕای ئەوەی ئامانجە گەورەكەی سەبارەت بە كۆریای باكوور نەهاتووەتەدی، بەڵام بەدڵنیاییەوە بووتە هۆی كەمكردنەوەی مەترسییەكان سەبارەت بە ویلایەتە یەكگرتووەكان بەراورد بارودۆخە گشتییەكە ئەگەر لەسەر هەمان ئاڕاستە بوینایە كە ئیدارەی پێشوو لەسەری دەڕۆیشت”.

كۆریای باكوور هیچ موشەكێكی ئەتۆمی یان دوورمەودای تاقینەكردووەتەوە لەوكاتەوەی كیم بەڵگەنامەی ڕاگەیاندنی هاوبەشی لەگەڵ ترەمپ واژۆكردووە لە لوتكە مێژووییەكەیان كە لە حوزەیرانی 2018 لە سەنگافورە بەڕێوەچوو.

 


 

بابەتی پێشتر

حکومەتی هەرێم بۆ عێراق: هەر چارەسەرێک لە پرسی نەوت و گازدا دەبێت بەپێی دەستور بێت

بابەتی دواتر

ئەمریكا داوا لە وڵاتان دەكات پێكەوە دژی ئێران بوەستنەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share