وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی پێشنیازێکی وەزیری نەوتی عێراق دەداتەوە سەبارەت بە پرسی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت هەر ڕێگەچارەیەک لەو پرسەدا دەبێت بەپێی دەستور بێت و مافەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبەرچاو بگیرێت.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ڕێگەچارەکان پێویستە پاڵپشتیی دەستورییان هەبێت لەپێناو دابەشکردنی داهات بەشێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە.
وتەبێژی حکومەت دەشڵێت، دەتوانرێت بە هاوکاری و هەماهەنگی هەردوو حکومەتی هەرێم و بەغداد دامەزراوەیەک بۆ ئیدارەدانی نەوت و گاز دابمەزرێنرێت و بەرژەوەندی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقیش لەبەرچاو بگیرێت.
پێشتر لە میدیا عێراقییەکاندا پێشنیارێکی وەزیری نەوتی عێراق بڵاوکرایەوە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەک کە سەرپەرشتیی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و فرۆشتن و داهاتەکەشی بکات.