هاكان تاش پەرلەمانتاری ئەڵمانیی بە ڕەچەڵەك كورد، كە دوێنێ شەممە لە فڕۆكەخانەی هەولێر بۆماوەیەك دەستگیركرا و دواتر نێردرایەوە بۆ ئەڵمانیا، نیگەرانە لەوەی پێیوانەبووە لە هەرێمی كوردستان كارێكی لەو شێوەیەی لەگەڵدا بكرێت، دەشڵێت، بۆ 15 كاتژمێر خواردنیان نەداوەتێ.
لە ئەڵمانیاوە گروپێكی تایبەت بە ئاشتی دەیانویست بێنە هەرێمی كوردستان، مەبەستیان بوو لایەنە كوردستانییەكان لە ئەگەری شەڕی ناوخۆ دووربكەونەوە و بە گفتوگۆ و دیالۆگ كێشەكان چارەسەر بكەن، بەڵام بەشێكیان لە فڕۆكەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی و ژمارەیەكیشیان لە فڕۆكەخانەی دۆسڵدۆرف لە ئەڵمانیا ڕێگرییان لێكرا.
ئەوانەی لە فڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیركران، نزیكەی 15 كاتژمێر هێڵراونەتەوە.
هاكان تاش، كە پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیایە، یەكێكە لەوانەی لە فڕۆكەخانەی هەولێر ڕێگریی لێكرا، قسەی بۆ ڕۆژنامەی دێر تاگیشپیگڵ-ی ئەڵمانی كردووە، ئاشكرایكردووە، بۆ ماوەی 15 كاتژمێر لە فڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیركراوە و دوو جار لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە.
پەرلەمانتارە ئەڵمانییە بەرەچەڵەك كوردەكە دەشڵێت، لەو 15 كاتژمێرەدا هیچ خواردنێكی پێنەدراوە، ڕێگە نەدراوە مۆبایلە زیرەكەكەی بەكاربێنێت، پاسپۆرتەكەیان لێسەندووە و تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئینستاگرامەكەشیان پشكنیوە، بەڕوونی بە ڕۆژنامەكەی ڕاگەیاندووە، فشاری دەروونیی خراوەتە سەر.
هاكان تاش بەڕۆژنامە ئەڵمانییەكەی وتووە، توشی شۆك بووە بەوەی شتێكی لەو جۆرە نەك هەر لە توركیا، بەڵكو لە هەرێمی كوردستانیش بەرامبەری دەكرێت.
هاكان تاش دواینیوەڕۆی دوێنێ شەممە دوای 15 كاتژمێر دەەستگیركردن، بەوتەی رۆژنامە ئەڵمانییەكە لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر ئازادكراون.