تەرمی پەنابەرێکی کورد لە تورکیاوە دەگەڕێندرێتەوە هەرێم

دوای ئەوەی ڕۆژی 25ی ئەم مانگە، هەژێن ساڵح، خەڵکی قەزای سەیدسادق لە پارێزگای سلێمانی، توشی ڕوداوی هاتوچۆ بووە لەناو خاکی تورکیادا و گیانی لە دەستداوە، ئەمڕۆ تەرمەکەی دەگەرێندرێتەوە بۆ هەرێم.

کەسوکاری هەژێن ساڵح ڕایدەگەیەنن، بە هاوکاری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران تەرمی گەنجەکە دەگەڕێندرێتەوە سلێمانی.

هەژێن ساڵح، یەکێک لە یەکەمەکانی زانکۆی سلێمانی بوو لە بەشی زمان و ئەدەب، لە ڕێگەی گەیشتن بە ئەوروپا توشی ڕوداوی هاتوچۆ بووە و بەهۆیەوە گیانی لە دەستدا

هیوا مەجید، خاڵی هەژێن، ئەو هاوڵاتییەی لە ڕێگەی ئەوروپا گیانی لە دەستدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە سەرەتای مانگی نیسانەوە هەژێن گەشتی وڵاتی تورکیای کردووە بۆگەیشتن بە ئەوروپا، بەڵام بەهۆی کەرەنتینەوە نەیتوانیووە، دواتر لە 25ی ئایار، جارێکی دیکە هەوڵیداوە بگاتە وڵاتی یۆنان، بەڵام لە ڕێگەدا ئۆتۆمبیلەکەیان توشی ڕوداوی هاتوچۆ بووە و گیانی لە دەستداوە”.

بە وتەی خاڵی هەژێن، ئەو ئۆتۆمبیلەی کە گەشتیان پێکردووە بۆ وڵاتی یۆنان 29 پەنابەری تێدابووە و لە رێگەدا تراکتۆرێک هاتووەتە بەردەم ئۆتۆمبیلەکە و بەهۆیەوە ڕوداوێکی پێکدادانی قورس ڕویداوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەژێن لە پێشەوە دانیشتووە، تەنها ئەو گیانی لە دەستداوە”.

هەژێن تەمەنی 23ساڵ بووە و ساڵی ڕابردوو یەکێک بووە لە یەکەمەکانی سەر ئاستی زانکۆی سلێمانی لە بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی، بە وتەی کەسوکارەکەی چەندجارێک هەوڵیداوە سود لە بڕوانامەکەی وەربگرێت، بەڵام نائومێد بووە و ڕێگەی ئەوروپای گرتووەتەبەر.

بابەتی پێشتر

سلێمانی.. کوڕێک باوکە 67 ساڵانەکەی کوشت

بابەتی دواتر

نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لە پەیوەندی هەرێم و بەغداد ڕازی نییە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share